جەنگیز چاندار: لەمەودوا دەبێ کۆمیسیۆنی پەرلەمان رەشنووسی یاسای گەڕانەوەی گەریلاكان ئامادە بكات تورکیە

نوچە نێت

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی سەبارەت بە کارەکانی داهاتوو لە پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، ئەو کۆمیسیۆنەی لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکهێندراوە، قۆناخی گوێگرتنی لە بیروبۆچوونەکان تەواوکردووە و دەبێت لە قۆناخی دووەمدا دەست بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکان بکرێت بۆ ئەوەی گەریلاکان بتوانن بگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (29/ئەیلوول/2025) جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی کۆمسیۆنی پەرلەمان لە پرۆسەی ئاشتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو رایگەیاند، ئامانجی دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، دانانی ژێرخانی یاساییە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانە، هەروەها دانانی ژێرخانی یاسایی بووە بۆ پرۆسەی چەکدانان. 

چاندار ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، قۆناخی گوێگرتن لە بیروبۆچوونەکان کۆتایی هاتووە، ئیدی دەبێ کۆمیسیۆنەکە دەست بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکان بکات.

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتیشی، ژێرخانی یاسایی بریتییە لە یاسای تایبەت بە گەڕانەوە، واتە گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە کە چەکیان داناوە بۆ ئەوەی بتوانن تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە تورکیا ببنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا چاندار باسی لەوەش کرد، پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای جێبەجێکردنی سزادا بکرێ بۆ گەڕانەوەی ئەو هەزاران کەسەی لە زیندانەکان و لە دەرەوەی وڵاتن. دەشڵێت، کۆمیسیۆن دەبێ رەشنووسەکان ئامادە بکات و بیانباتە پەرلەمان. پێشبینی دەکەم دوای کردنەوەی پەرلەمان لە 1ـی تشرینی یەکەم، لە مانگێک یان دوو مانگدا ئەو رەشنووسانە ببرێنە پەرلەمان.

جێگەی ئاماژەپێدانە رۆژی (11)ـی تەممووزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی سیمبوولی ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە رێوڕەسمێكدا چەكەكانیان دانا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین