یەکێتیی ئەوروپا دەرگای بە رووی سزادانی تورکیا دەکاتەوە
بەهۆی گەڕانی بەدوای نەوتدا
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی لووتکەی ئەوروپا بە هەواڵێکی ناخۆش بۆ ئەنقەرە کۆتایی هات. سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام گڵۆپی سەوزیان بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تورکیادا هەڵکرد، چونکە پێیانوایە مامەڵەی تورکیا و گەڕانی بەدوای نەوتدا لە دەریای ناوەڕاست پێشێلکردنی سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرسە و سەقامگیریی ناوچەکەی تێکداوە.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان پێشوازی لەو هەڵوێستەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، چونکە پێیوایە سزاکانی رابردوو بەس نەبوون بۆ گوشارخستنەسەر تورکیا.
کریاکۆس میتساتۆکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند، "بۆ یۆنان ئەو سزایانەی کە هەن نابنە چارەسەری کۆتایی. بەڵام هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر لە ئەگەری بەردەوامبوونی تورکیا لە پێشێلکارییەکانی، باشترین شتە کە لە دەستی ئێمەدا بێت بۆ ئەوەی هەڵوێستی تورکیای پێ بگۆڕین."
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، بە رازیبوون لەسەر بەکارهێنانی سزا، یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستێکی بەهێزی پیشانی تورکیا دا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "ئەوروپا توانای خۆی بۆ وەستانەوە بە رووی تورکیادا بە بەهێزی پیشان دا، ئەوەش لە رێگەی رازیبوون بە بەکارهێنانی سزاکان بۆ ئەوەی واز لە مامەڵە تاکلایەنەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بهێنێت."
هاوکات چەند دیپلۆماتکارێک رایانگەیاند، لەناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادا ئەڵمانیا و بولگاریا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە دژی ئەوە بوون سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت.
ئەو دیپلۆماتانە گوتیان، "ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا و بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا ئەو سەرکردانەی یەکێتیی ئەوروپا بوون کە بە ئاشکرا دژی سزادانی ئەنقەرە وەستانەوە."
بە گوێرەی گوتەی دیپلۆماتەکان، وڵاتانی دیکەی وەک ئیسپانیا، ئیتالیا، ماڵتا و هەنگاریا دژی ئەوە بوون سزای سەر تورکیا قورس بکرێت، بەڵام بە ئاشکرا ئەو هەڵوێستەیان دەرنەبڕی.
هاوکات نەمسا پاڵپشتی لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تورکیادا کرد و فەرەنساش کە لە ماوەی رابردوودا داوای هەڵوێستی تووندی یەکێتیی ئەوروپای بەرامبەر ئەنقەرە دەکرد، لە لووتکەکەدا هەڵوێستی گۆڕانکاریی بەسەردا هات و زۆر تووند نەبوو.
ئەنجامی کۆبوونەوەکە بەو جۆرە بوو سەرکردەکانی ئەوروپا سەرکۆنەی مامەڵەی تووند و تاکلایەنەی تورکیایان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد، بەڵام ماوەی سێ مانگی دیکەیان دایە ئەنقەرە بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆی بگۆڕێت.
لە هەمانکاتدا سەرکردەکانی ئەوروپا داوایان لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد لە کۆتایی مانگی ئاداردا راپۆرتێک لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و برۆکسل لە هەموو بوارەکاندا ئامادەبکات و بژارەکانیش لەبارەی پەرەدان بەو پەیوەندییانە بخاتەڕوو.
هاوکات بە گوێرەی پرۆژە بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2021، تورکیا رووبەڕووی سزاکانی واشنتنیش دەبێتەوە، ئەوەش لە بەرامبەر کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی.
سەرۆک کۆماری تورکیاش دەڵێت، سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە بۆ سەر وڵاتەکەی زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت و داوایان لێدەکات لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: "ئێمە پەیوەندیی قووڵی سیاسی و ئابوورییمان لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا هەیە کە هیچیان نە دەتوانن پشتگوێیان بخەن نە دەتوانن سەرکەشی لەدەستدانیشیان بکەن."
سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت، پێشتر دەرفەتی گفتوگۆیان بە تورکیا دا، بەڵام سوودی نەبوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "ئێمە تشرینی یەکەم دەرفەتمان بە تورکیا دا، پەیوەندیمان پێوە کردن، هەلومەرجەکانمان پێگوتن، بەڵام تێبینیمان کرد کە تورکیا هەر لەسەر پێشێلکارییەکانی بەردەوام بوو."
یەکێتیی ئەوروپا جۆزێپ بۆرێلی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی راسپارد بۆ ئەوەی راپۆرتێک لە بارەی پەیوەندی و کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و برۆکسڵ ئامادە بکات و تێیدا هەموو بژارەکان بخرێنەڕوو، لە نێویشیاندا بژارەی قورسترکردنی سزاکانی سەر تورکیا.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment