وەزیری نەوتی عێراق: بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەكەینەو کوردستان- عێراق

نوچه‌ نێت

حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، پلانیان بۆ واژۆکردنی چەند گرێبەستێک هەیە بۆ کێڵگەکانی نەوتی بەسرە، حەمرین، کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە، بە ئامانجی ئەوەی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 5.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/10/1)  وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، 28 کۆمپانیای ئەمریکی لەگەڵ وەزارەتەکەمان کاردەکەن، دیارترینیشیان کۆمپانیای KBR، هۆنی وێڵ، هالیبێرتن، شلومبێرجێر، بەیکەر هیوز، وێزەرفۆرد و وود گرووپ؛ لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای خزمەتگوزاری و بەڵێندەری لاوەکی."

سەبارەت کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆن، رێککەوتنێکی بنەڕەتیمان هەیە سەبارەت بە بلۆکەکانی نەوت و کێڵگەکانی ناسریە و بەلەد بۆ پەرەپێدانیان، لە داهاتووشدا کۆمپانیاکە کار دەکات بۆ فراوانکردنی ئەو پڕۆژە گشتگیرانەی پێی دەسپێردرێت لە کەرتی وزەدا."

 حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، لەگەڵ کۆمپانیای BP دوو گرێبەستیان هەیە، کە لە کێڵگەکانی رومێلە و کەرکووکن؛ "گرێبەستی رومێلە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی رومێلەی باکوور و باشوورە، بۆ گەیشتن بە 1,800,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. گرێبەستەکەی دیکە بۆ چوار کێڵگەیە هەر لە کەرکووک، بۆ گەیشتن بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا."

 دەربارەی پلانی داهاتوویان، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "پلانمان بۆ واژۆکردنی چەند گرێبەستێک هەیە بۆ کێڵگە و بلۆکەکانی نەوتی ناسریە، بەسرە، حەمرین، عەجیل، کەرکووک و مەیسان."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، پلانەکە ئەوەیە، ئەم ساڵ توانای بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێندرێتە "5.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا"؛ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیش لە رێگەی، "فراوانکردنی کارەکانی هەڵکەندنی بیر و چاککردنەوەی بیرە کۆنەکان، دروستکردنی وێستگە و هێڵی بۆری، لەگەڵ راکێشانی بڕێکی زیاتری ئاو بۆ پاراستنی پەستانی نێوخۆیی کێڵگەکان." دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین