مەهەپە هەوڵی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەدات تورکیە

نوچە نێت

فەتحی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەڵێت، ڕەنگە بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا دادگای تورکیا ناچار بە ئازادکردنی دەمیرتاش بکات، دەکرێت پێویست بێت هەندێک شت بکرێ بۆ ئازادکردنی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (دووی تشرینی یەکەم/2025) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، جێگری سەرۆکی مەهەپە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن) سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاش دەستپێشخەرییەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، "من ئاگاداری دۆسیەی دەمیرتاش نیم، بەڵام سەبارەت بەم دۆسیەیە چەند داواکارییەکی دادگای مافی مرۆڤ هەیە و ئەمەش ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ماددەی (90)ـی دەستووری تورکیاوە هەیە و دەبێت دادگای تورکیا پابەندی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێت."

فەتحی یڵدز ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ماددەی (90)ـی دەستوور ماوە و کاری پێدەکرێت، ڕەنگە بریارەکانی مافی مرۆڤ دادگای تورکیا ناچار بکات، بێگومان پێموایە دەتوانرێت شتێک بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش بکرێت."

سەبارەت بە لێبووردنی گشتی بۆ هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە گوتی، "لە تورکیادا مەرجی لێبووردنی گشتی نییە، بەڵام سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزاکان پەیوەندی بە رێکخستنەوەی بڕیارەکان و جێبەجێکردنی یاساکە دەبێت بەدڵنیاییەوە دەبێت هەنگاوی دیکە لەم قۆناغە بنرێت."

هاوکات هەر سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش،  مەحسونی کارامان پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش لەم چەند ڕۆژەی رابردوو ئاماژەی بە دوایین بڕیاری پێشێلکاریی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا کرد و گوتی، کە (8)ـی تشرینی یەکەمی 2025 رۆژێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و پێویستە فەرمانگەی پێداچوونەوە دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات دەمیرتاش و هاوڕێکانی ئازاد بکات، کە ئەمە داواکاریی یاسایە. 

جێگەی ئاماژە پێدانە، لەگەڵ دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی و بانگەوازەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چەکدانانی پەکەکە، دامەزرانەنی کۆسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، ئازادکردنی دەمیرتاشیش بەردەوام باسی لێوەدەکرێت کە لەئێستادا (9) ساڵە لە زیندانی ئەدیرنە دەستگیرکراوە. 

لەکاتێکدا لەدوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و ئەندامانی ئەو پارتە، دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM) دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بڕیارێکی سیاسی ناو بردووە و داوای ئازادکردنی کردووە. 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین