حەوتەم پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب بە بەشداریی (250) ناوەندی چاپەمەنی كرایەوە کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

حەوتەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب، بەچاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و و لاوانی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی (250) ناوەندی چاپەمەنی ناوخۆیی و بیانی لە (16) وڵاتی جیاوازە كرایەوە.

ڕۆژی هەینی (سێی تشرینی یەكەم/2025) بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری چەندین ناوەند و دەزگای چاپ لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، لە ژێر ناوی "خولی سەرۆک تاڵەبانی کرایەوە"، كە بۆ (11) ڕۆژ بەردەوام دەبێت، خوێنەران لە بەیانییەوە تاوەكو (8)ـی شەو دەتوانن سەردانی  پێشانگاكە بكەن.

ماڵپەڕی نوچە نێت، بە ئامانجی وەرگرتنی ئامار و زانیاریی پەیوەیست بە پێشانگەی سلێمانی بۆ كتێب پەیوەندیی بە نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری لە لیژنەی ئامادەکاری پێشانگاكە کرد، بەڵام بە بیانووی بوونی لیژنەی تایبەت بەو ئەرکە، ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەک بدات.

پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ساڵانە لە مانگی یازدە دەكرێتەوە، ئەمساڵ جگە کۆمپانیای (ئەطلەس ئەصیل)، هەر یەك  لە (وەزارەتی ڕۆشبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، زانکۆی سلێمانی)، بەشداربوونە لە رێكخستن و ئامادەكردنی پێشانگاكە

د. هەرێم عوسمان گوتەبێژی حەوتەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب بە نوچەنێتی ڕاگەیاند: ''هۆکاری پێشخستنی خولی ئەم ساڵ بۆ بەو مەبەستەیە تا لەگەڵ یادی وەفاتی سەرۆک تاڵەبانی بگونجێنرێت، تا لەم ڕێگەیەوە خزمەتێکی زیاتر بە کایەی ڕۆشنبیری و پایتەختی ڕۆشنبیری بکرێت، ئەم ساڵیادە یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کە پێشانگای ئەم ساڵ لەڕووی جۆری و چۆنیەتیەوە جیاوازبێت، هەوروەها بەهۆی ئەو لایەنانەی کە ئەم ساڵ لە ڕێکخستنی پێشانگاکەدا هاوکار بوون وادەکات زیاتر خزمەت بە خوێنەران بکرێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو تەنیا باڵیەک بە پیشانگاکەوە دیار بوو''.

د. هەرێم عوسمان دەربارەی ئەو چالاكیانەی لە ماوەی پێشانگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت زیاتر ڕوونیكردەوە، "زیاتر لە (35) چالاکی زانستی و ڕۆشنبیری و دیبەیت و گفتوگۆ و پانێڵ ... تاد بەڕێوە دەچن"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەم ساڵ ئەو دەزگایانەی بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ئامادەبن، ئێمە سەردانمان کردوون و کتێبەکانمان لە باشترین ناوەندە عەرەبی و فارسیەکان کڕیوەتەوە، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک کە گلەیی ساڵانی ڕابردوو کەم بکاتەوە، کە دەوترا کتێبە ئاینیەکان قۆرخی پێشانگایان کردووە، چونکە باشترین کتێبی دەزگا عەرەبی و فارسیەکانمان کڕیوەتەوە، کە زیاتر ناونیشانی کتێبەکان فەلسەفی و ئەدەبی و ڕووناکبیرین و کەمتر پەیوەندی بە بواری ئایینیەوە هەیە، بەمەش دەتوانرێت هاوسەنگی بپارێزرێت و ئەو گلەیە کەم بکرێتەوە''.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو دەزگایانەی کە بۆ ئەم ساڵ بەشداری خولی حەوتەمی پێشانگایان کردووە، خاتوو گوڵان نیروان بەڕێوبەڕی بازاڕسازیی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، بە نوچە نێتی ڕایگەیاند: ''بۆ خولی حەوتەم (250) ناوەند و دەزگای بیانی و ناخۆیی لە (16) وڵاتی جیاوازەوە بەشداریان کردووە، (70%)ـی دەزگای بیانین و (30%)یان ناوخۆیین، کە بەسەدان هەزار ناونیشانی جیاواز و ملێونان کتێب لە پێشوازی خوێنەراندا دەبن''.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین