بەرهەمەکانی یەڵماز گونەی دەبنە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنی زانکۆی سلێمانی کولتوور

نوچەنێت

لەسەر پێشنیاری حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمەکانی هونەرمەندی ناوداری بواری سینەمای کوردی، یەڵماز گونەی دەبنە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنی کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی، لەبەرامبەردا بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە كوردە سوپاسی ئەو هەنگاوەی وەزیری رۆشنبیری دەکەن.

داوی ئەوەی خاتوو فەتووش گونەی، هاوسەری هونەرمەندی کۆچکردووی کورد یەڵماز گونەی، لە نامەیەکدا بۆ حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان كردووە، لەو نامەیە داوای دەكات، میراتی هونەری و بەرهەمەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو یەڵماز گونەی لە زانکۆدا بخوێنرێن بۆ ئەوەی رۆ‌ڵەکانی کورد ئاشنای کار و بەرهەم و ڕێچکە هونەرییەکەی هونەرمەند و دەرهێنەری بەناوبانگی کورد، یەڵماز گونەی بن.

لە رۆژی (14/9/2025) وەزیری رۆشنبیری و لاوان بە نووسراوێکی رەسمی، داواکارییەکەی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کرد، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، نووسراوێکی ئاراستەی زانکۆی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی لە کۆلێژی هونەری زانکۆکە، میراتی هونەری و بەرهەمەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو یەڵماز گونەی بخرێنە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانەوە و بخوێندرێن و لێتوێژینەوەی زیاتریان لە بارەوە بکرێت.

خاتوو فەتووش گونەی، لە نامەیەکدا، بەناوی بنەماڵەکەیان سوپاسی وەزیری رۆشنبیری و لاوان دەكات.

هاوسەرەكەی دەشڵێت، یەڵماز گونەی، کامێراکەی دەستی وەک چەکێک بۆ ئازادی بەکاردەهێنا و دەیویست لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانییەوە و لە سینەمادا، "چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی کورد بۆ جیهان بگێڕێتەوە".

هەر لە نامەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئێوە وەک ئازادیخواز و پێشمەرگەیەکی رێگەی ئازادی، زۆرتر لە یەڵماز گونەیەوە نزیکن، تا ئەوانەی لە رووی فیزیکییەوە لە دەوروبەری بوون. ئێوە، کە ئامێزتان بۆ پێشوازی لە بەرهەمەکانی کردووەتەوە، مایەی شانازین.

یەڵماز گۆنەی، دەرھێنەر، سیناریست و ڕۆماننووسی کوردی لە (1-4-1937) لە ناوچەی ئەدەنە لە باكووری كوردستان لە دایكبووە، زۆربەی کارەکانی بۆ چینی کرێکاران لە تورکیاتەرخانکردووە، خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی وەرگرتووە لە فیستیڤاڵی کان ساڵی (1982) بۆ فیلمی رێگا، بەبەردەوامی لە دژایەتی و ململانێی دەسەڵاتی تورکیادا بووە بەھۆی نیشاندانی کەلتوور و خەڵک و زمانی کوردی لەناو فیلمەکانیدا، لە (9/9/1984) لە پاریس كۆچی دوایی كردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین