وەزیری دەرەوەی تورکیا: پێویستە یەپەگە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا بکات تورکیە

نوچەنێت

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا داوایەک ئاراستەی هێزەکانی گشتی سووریای دیموکرات دەکات و دەڵێت، "پێویستە یەپەگە ئامانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە و لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق ڕێککەوتن بکات"، هاوكات پشتیوانی توركیا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەو ئەو وڵاتە دووپات دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (پێنجی تشرینی یەکەم/2025) ماڵپەڕی (a habar) بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سووریا هەنگاوێکی گرینگە، لەدوای راگەیاندنی حکوومەتی نوێی سووریا کە بووە هۆی دامەزراندنی ژیان و سیستەمی ئەو وڵاتە، هەڵبژاردنەکانیش هەنگاوی دووەمە لەڕووی دامەزراندنی سیستەمی نوێی سووریا، ئەو هەڵبژاردنەی کەلەلایەن ئەنجوومەنی گەل هەڵدەبژێردرێت دەتوانێت بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە وڵات بەڕێوەببات."

فیدان سەبارەت بە تێکەڵبوونی هێزەکانی یەپەگە لەگەڵ سوپای سووریا داوا دەکات، "دەبێت هێزەکانی یەپەگە ئامانجی خۆیان یەکلایی بکەنەوە و لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ڕێککەوتن بکەن، چونکە ئەو هێزانە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی سووریا دروست دەکەن و هەڕەشەیەکن بۆ دابەشبوونی خاکی سووریا، بەتایبەت دەبێت پرسی دروزەکانیش بەشێوەیەکی ئەرێنی چارەسەربکرێت بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات دروست بکات."

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشە لە ئیسرائیل كرد و ڕایگەیاند، "ئێمە ناتوانین بێ دەنگ بین بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل ئەوان ئامانجیان تێکدانی دۆخی سووریایە، ناتوانین دەستپیشخەرییەکی نوێ قبوڵ بکەین کە ببێتە هۆی دابەشبوونی سووریا، چونکە هەر کارێک لە سنووری وڵاتەکەمان ئەنجام بدرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی تورکیاوە هەیە و ڕێگەی پێنادەین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین