تورکیا و ئەرمینیا هەوڵی کردنەوەی سنوورەکانیان دەدەن تورکیە

نوچەنێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ڕایگەیاند، "ئامانج لە بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوەتیپەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیایە، لەئێستادا گرینگترین هەنگاو کردنەوەی سنوورەکانی نێوان هەردوو لامانە."

ئەمڕۆ دووشەممە (شەشی تشرینی یەکەم/2025) ماڵپەڕی (habar) بڵاویکردەوە،  ئانی بەدەلیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە چاوپێکەوتنێکدا سەرنجی خستە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان و پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ ڕێککەورنی ئاشتی لەسەر بنەما بنەرەتییەکان و بەردەوامین لە بەڵێنەکانیان لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی. 

سەبارەت بە دامەزرانی رێڕەوی گواستنەوەی بازرگانیی کە بە ڕێرەوی "ڕێگەی ترەمپ" ناسراوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا گوتی، کارەکان بەردەوامە بەڵام زۆرێک لە وڵاتان بەدوای ڕێگەی بەدیلدا دەگەرێن بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان.

بەدەلیان ئاماژەی بە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا و رایگەیاند، "ئەنقەرە و ئەریڤان لەسەر ئاستی باڵای سیاسی بەردەوامن لە دانوستاندنەکان، هەروەها ئامانجی هەردوو وڵات گەیشتنە بە ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکان و گرینگترین هەنگاویش کردنەوەی سنوورەکانمانە بەڕووی یەکتری و لەئێستادا لەگەڵ تورکیا چەند پرۆژەیەکمان ئەنجامداوە بەتایبەت نوژەندکردنەوەی پردی سەر سنوورەکانی هەردوو وڵات."

پەیوەندییەکانی ئەرمینیا و تورکیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لە ساڵی (1993) نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا تێکچوو، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمینیا کۆتایی پێهێنا، هەروەها تورکیا لە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا پشتیوانییەکی گەورەی ئازەربایجانی کرد بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و زیانێکی زۆری بە سوپای ئەرمینیا گەیاند. لەئێستادا هەردوو وڵات لەدوای چەند دانوستاندنێک هەوڵی کردنەوەی سنوورەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن.

ساڵی 2009 هەردوو وڵات هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندا، بەڵام تورکیا بەهۆی ناڕەزایەتیی ئازەربایجان لەو هەوڵە پاشەکشەی کرد. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین