ئومێد سەباح: حكومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆى بۆ  بەغدا ناردووە کوردستان- عێراق

نوچەنێت: پەیام عەلی

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری باشی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکردووە، گوتیشی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی دوو مانگی بۆ بەغدا ڕەوانە کردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ ناردنی مووچەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە (6/تشرینی یەکەم/2025), ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، “كۆمەڵێك بڕیاری باش لە بەرژەوەندی خەڵكی هەڵەبجە دراوە، كە وەك دیارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ خەڵكی شارەكە”. 

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و داهاتی نانەوتی، ئومێد سەباح ڕایگەیاند “داوامان كردووە لەبارەی داهاتی نانەوتی رێككەوتنێكی هاوشێوەی رێككەوتنە نەوتییەكە بكەین”. هەروەها گوتیشی “لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ ئاراستەی بەغدا کراوە، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر ناردنی نەدراوە”.

ئومێد سەباح، جەختی لەسەر ئامادەیی هەرێم کردەوە، بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی و ناردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆ، بۆ هەر مانگێک کە مووچەی بۆ دابنرێ، لەو بارەیەوە گوتی “هەر کاتێک بڕیاریان دا مووچەی مانگەکان بنێرن، وەكو حكومەتی هەرێم، بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ئامادەین دەست بەجێ داهاتی نانەوتی بۆ مانگەكانی (8 و 9) بدەین”.

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند “لەبارەی داهاتە نانەوتیەكان، تا ئێستا لەسەر ژمارەیەك کە (120 ملیار دینارە) بۆ سێ مانگ رێككەوتوین، بەڵام ئەنجومەنی دەوڵەت كە راوێژەكانی پابەندكەرنین، شرۆڤەیەكیان بۆ ئەم پرسە كردووە كە پێچەوانەی دەستورە”. سەبارەت بە هەڵوێستی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە، گوتیشی “داوای لە سودانی كردووە بۆچونی ئەنجومەنی دەوڵەت بەهەند وەرنەگرێت”.

لەبارەی 120 ملیار دیناری مانگانەوە، ئومێد سەباح، ئاماژەی بەوە کرد، کە تا ئێستا بۆ سێ مانگ رێککەوتن کراوە لەسەر ناردنی ئەم بڕە، بەڵام ئەوەی یەکلایی دەکاتەوە، گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتە لەسەر بڕی پابەندییەکانیان بە گوێرەی دەستوور.

دوای ڕێككەتنی سێقۆڵی هەرێمی كوردستان و بەغدا و كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، چاوەڕێ دەكرێت لەمەدوا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە كاتی حۆیدا بنێردرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین