ئەمەریكا لە جەنگی غەززە بە بڕی ملیارەها دۆلار چەكی بە سوپای ئیسرائیل داوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: پەیام عەلی

دوو ساڵ بەسەر جەنگی حەماس و ئیسرائیلدا تێدەپەڕێت و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە بەبڕی (21) ملیار دۆلار، لە ماوەی ئیدارەی بایدن و ترەمپ هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە سوپای ئیسرائیل کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (7/تشرینی یەکەم/2025), بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن پڕۆژەی تێچووی جەنگ، لە قوتابخانەی واتسۆن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی براون بڵاوکراوەتەوە، کە تێچووی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە ڕوو، دەڵێت “ئەمریکا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاری ئاساییش و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج کردووە”.

حکومەتی ئەمریکا لە ڕابردووش هاوکاری سەربازی بە ئیسرائیل کردووە، ئەم هاوکارییە لە جەنگی غەززەدا لە هەردوو ئیدارەی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی، کە بە نزیکەی 21.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات “ئەمە تەنها بەشێکە لەو پشتگیرییە داراییەی ئەمریکا لە ماوەی ئەم جەنگەدا دابینی کردووە”.ڕاپۆرتە سەرەکییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا لە ساڵی یەکەمی جەنگدا لەو بڕە نزیکەی 17.9 ملیار دۆلاری پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە و لە ساڵی دووەمدا 3.8 ملیار دۆلاری دابین کردووە.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، واشنتۆن دەستی بە ناردنی هاوکاری سەربازی بەرفراوان بۆ ئیسرائیل کرد و کەشتی و فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکە ڕەوانە کرد. هەر ئەوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پاڵپشتی تەواوی واشنتۆنی لە ئیسرائیل ڕاگەیاند.

تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەبارەی بڕی ئەو یارمەتییە سەربازییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە پێشکەشی ئیسرائیل کراوە، نەبووە. داتاکان لەسەر ئەو هاوکارییانە دامەزراون کە ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاندوون.

جەنگی غەززە لە (7/ئۆکتۆبەر/2023) هەڵگیرسا و ئەمڕۆ دووساڵ بەسەریدا تێپەڕی. لەم هەفتەیەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لە میسر دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس ڕازیبوو بە هەندێک لە بڕگەکانی پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی غەززە، کە ئیسرائیلیش پشتگیری لێدەکات.

جێی باسە، پێشنیارەکەی ترەمپ پێکهاتبوو لە 20 خاڵ کە ئامانجیان گەیشتن بە ئاگربەست، گەڕانەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل، لەناوبردنی توانای سەربازی حەماس و دامەزراندنی پێکهاتەی حکومڕانی کاتی بوو لە کەرتی غەززە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین