قەتەر بەشداریی لە گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەردانی میسر دەکات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش دەڵێت، "سەردانەکە دووپاتکردنەوەی نێوەندگیری قەتەرە بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/10/8) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە،  شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆک وەزیرانی قەتەر سەردانێکی فەرمی بۆ شەرەم شێخی میسر ئەنجام دەدات بە ئامانجی تاوتوێ کردنی دوایین پێشهاتەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە سەردانەکە گوتی، "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بەشێکە لە چڕکردنەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کۆتایی هێنانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و ڕاگەیاندنی ئاگربەست".

کۆتایی مانگی ئەیلوولی (2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانێکی (20) خاڵی پێشکەش کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئاراستەی چەکدارانی حەماس کرد، حەماس وەڵامی ئەرێنی پلانەکەی دایەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند، "هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەم کە بەشێوەیەکی بنیاتنەرانەوە بەشداری لە دیالۆگدا بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەردەوام بۆ خەڵکی ناوچەکە".

هەریەک لە وڵاتانی میسر و قەتەر نێوەندگیری سەرەکی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینن، ڕۆژی (2025/10/7) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، "پێویستە لە داهاتوودا غەززە لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەڵەستینییەکاندا بمێنێتەوە و داهاتووی غەززە و هاووڵاتییانی ئەم کەرتە دەبێت لەلایەن فەلەستینییەکانەوە دیاری بکرێت".

دوای دوو ساڵ لە بەردەوامی جەنگ و گیانلەدەستدانی نزیکەی (67,200) فەلەستینی لە غەززە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و وێرانکارییە بەردەوامەکان بەهۆی جەنگەکەوە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە نوێنەرانی حەماس و ئیسرائیل بە ئامادەبوونی وڵاتانی نێوەندگیر گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان دەستپێکردووە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین