وەزارەتی نەوتی عێراق كار بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەكات کوردستان- عێراق

نوچەنێت: پەیام عەلی

کۆمپانیای ئەمریکیی (ئێکسۆن مۆبیل) دوای دوو ساڵ دوورکەوتنەوە، ڕێککەوتنێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی نەوتی لە باشووری عێراق واژۆ دەکات، هاوكات حكومەتی عێراق بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ (50%) بەرزبكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8/تشرینی یەکەم/2025) سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیای نەوتی (ئێکسۆن مۆبیل)ی ئەمریکی، بە كەناڵی (ئەلشرق)ی ڕایگەیاند “کۆمپانیاکە ئامادەیە سەر لە نوێ بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی نەوتی عێراق دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەرچوونی، لە رێگەی واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی نەوتی لە باشووری ئەو وڵاتە”. 

هاوکات کۆمپانیاکە لە وەڵامی بەدواداچوونەکانی (ئەلشرق) دا ڕایگەیاند “گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە و بەدواداچوون بۆ دەرفەتەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانەکانمان لە عێراق دەکەین”. ئاژانسی هەواڵی (بلومبێرگ)یش لەو بارەیەوە بڵاویکردووەتەوە “کۆمپانیاکە گەڕانەوەی بۆ کێڵگەی مەجنوون هەڵدەسەنگێنێت”.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە “وەزارەتی نەوتی عێراق، ئامادەیە داوای دابینکردنی داراییش بکات بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوت لەسەر کەنداوی عەرەبی”، ئەمەش بە ئامانجی زیادکردنی توانای هەناردەکردن و جێگیرکردنی ڕێڕەوی عێراق وەک دووەم بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت لەناو وڵاتانی ئۆپێکدا.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی عێراق بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیەتی بۆ نزیکەی نیوە(50%)، بەمەش تا ساڵی 2028 بەرهەمی رۆژانە بگاتە شەش ملیۆن بەرمیل.

عێراق یەکێکە لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە یەدەگی نەوت، کە نزیکەی (145) ملیار بەرمیل یەدەگی سەلمێنراوی تێدایە. لەڕێی چەندین پڕۆژەی گەشەپێدانەوە، ئامانجی ئەوەیە ئەم بڕە بۆ زیاتر لە (160) ملیار بەرمیل زیاد بکات. لە دوو ساڵی ڕابردوودا، عێراق نزیکەی (30) گرێبەستی نەوتیی واژۆ کردووە، لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە گەورەکانی وەک؛ تۆتالی فەرەنسی، بی پی بەریتانی و چەندین کۆمپانیای چینی. ئەم گرێبەستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدان و فراوانکردنی بەرهەمهێنانن لە عێراق. حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە کە ئەمساڵیش خولێکی تازە بۆ مۆڵەتدانی کۆمپانیا نەوتییەکان دەستپێبکات.

کۆمپانیای (ئیکسۆن مۆبیل) لە ساڵی 2009 یەکەم گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ کارکردن لە کێڵگەی ڕۆژئاوای (قورنە ١) لە ناوچەی بەسرە، واژۆ کرد. لە ساڵی 2021 کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕایگەیاند کە کاری لە کێڵگەکە کەم دەکاتەوە و لە ساڵی 2023ش ڕێژەی (22.7%)ی پشکەکانی گواستەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرەی عێراقی و کۆنترۆڵی کێڵگەکە درایە دەست کۆمپانیای (پترۆچینا). ئەمڕۆ دوای دووساڵ ڕایگەیاند کار بۆ گەڕانەوە دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین