ناکۆکی نێوان چین و ئەمەریکا نرخی بیتکۆینی دابەزاند ئابووری جیهان

نوچە نێت: سنوور یاسین

سەرۆکی ئەمەریکا زیادکردنی پێناسی گومرگی بۆ کاڵاکانی چین بۆ (%100) بەرزکردەوە و بەهۆیەوە کاریگەری نەرێنی ئابووری دروست بوو بەجۆرێک بەهای بیتکۆین دابەزینی (%10)ـی تۆمار کرد.

ئەمڕۆ شەممە (2025/10/11) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی چین لە دوایین بڕیاریدا هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکە قەدەغە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کاردانەوەی ڕاستەوخۆی بۆ بڕیارەکە ئەنجامدا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرکی بە رێژەی (100%) بەسەر کاڵای هاوردەکرداو لە چینەوە دەسەپێنێت، و بە پێویستی نازانێت لەگەڵ شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە". هەر زوو دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بازاڕەکانی جیهان شڵەقان و کاریگەری نەرێنی ئابووری دروست بوو، دراوە جیاوازەکان، زێڕ و نەوتیش کاریگەری پۆستەکەی ترەمپیان کەوتە سەر. بۆ نموونە، نرخی بیتکۆین دابەزینێکی گەورەی تۆمارکرد، چاوەڕوان دەکرێت مەترسیی گرژبوونی زیاتریش لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین دروست ببێت.

ئاشکرایە لە کاتی گرژیی و ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەری ئابووری دروست دەبێت بۆیە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا کاریگەری کردە سەر نرخی ئیسیریەم کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە بە شێوەیەک تەنیا لە ئێوارەی دوێنێوە، نرخی هەر ئیسیریەمێک نزیکەی (700) دۆلار دابەزیوە. 

چەندین مانگە بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا سەقامگیریی پێوە دیاربوو، بەڵام بەهۆی پۆستەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بەهای پشکی کۆمپانیاکان داڕمێندرا. پێنوێنی (S&P 500) کە هێمای بەهای پشکەکانی (500) گەورە کۆمپانیای ئەمەریکییە، بە رێژەی (2.1%) دابەزی. پێنوێنی پیشەسازیی داوجۆنز بە رێژەی (1.4%) و پێنوێنی ناسداکیش کە نوێنەرایەتیی بەهای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا دەکات، بە رێژەی (2.8%) رووبەڕووی دابەزینی گەورە بووەوە.

چین نزیکەی (70%)ی کانزا دەگمەنەکانی جیهان بەرهەمدەهێنێت و دەستگەیشتن بەو جۆرە کانزا دەگمەنانە خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆ و رێککەوتنە کاتییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین بووە، کانزا جیاوازەکانی چین لە چەندین بەرهەمی گرنگ و هەستیاری پیشەسازییدا پێویستن، وەک لە بزوێنەری فڕۆکە، سیستمی ڕادار، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لاپتۆپ و مۆبایل. چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەوە لە دوێنیوە کۆمپانیاکان نزیکەی (1) تاوەکو (1.2) تریلیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین