ئێران: هه‌ڵنه‌گرتنى سزاكانى ئه‌مریكا ماناى كۆتایى گفتوگۆكانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسانی ئێران لەو بڕوایەدان ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی ببوێرێت لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی سەر تاران، ئەوە بە واتای کۆتایی پرۆسەی گفتوگۆکانی ڤیێنایە.

ڕۆژی چوارشەممە چواری ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک" بڵاوی کردەوە، دەنگ و ڕەنگی ئێران ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو سزا و گەمارۆکان خۆی ببوێرێت، ئەوە بە واتای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی ڤیێنایە.

چەند سەرچاوەیەک بە کەناڵی "پرس تی ڤی" ئێرانیان گوتووە ئەگەر ئەمریکا هەموو سزا و گەمارۆکانی سەردەمی ترەمپ لە دژی تاران هەڵنەوەشێنێتەوە، بێ گومان بە واتای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان دەبێت. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە بەرپرسانی ئێران هیچ هەوڵێکی فریودەرانە و ساختەى ئەمریکا سەبارەت بە گەمارۆکان قەبووڵ ناکەن.

ڕۆژی دووی ئایار، جیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ABC گوتی، "هێشتا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئەنجام نەدراوە. بە گوتەی سۆلیڤان، هێشتا ڕێگایەکی دوورودرێژ ماوە، بە تایبەت ڕێوشوێنەکانی پەیوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان درێژخایەن دەبن".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆکانی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربارەی گەڕانەوەی تاران و واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لە ڤیێنا بەڕێوە چوون. هەرچەندە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە ڤێینا تا ئێستا ئەنجام نەدراون، بەڵام دوو لیژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەرقاڵی لێکدانەوەی ئەو گەمارۆیانەن کە ئەمریکا دەتوانێ هەڵیانبوەشێنێتەوە و هەروەها ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننەکە بیانهاوێژێت.

ئێران داوا دەکات هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە و ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی لە هەڵوەشاندنەوەیان دڵنیا بووەوە، هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵدەگرێت.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین