مەزڵووم عەبدی: دەبینە هێزێکی سەرەکی لە سوپای نوێی سووریا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: پەیام عەلی

هەسەدە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی (10)ـی ئاداردا لیژنەیەکی سەربازی بۆ دیمەشق دەنێرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکخستنی هێزەکانیان لە سووریای نوێ و دەشڵێت “دەبینە هێزێکی سەرەکیی سوپای نوێی سووریا”.

ڕۆژی هەینی (10/10/2025) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،  بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزەکەوە، لە ڕێورەسمێكی سەربازیدا، ڕایگەیاند “بەم نزیکانە لیژنەیەکی سەربازی بەرەو دیمەشق دەڕوات و پرسی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەکەن”.

فەرماندەی گشتی هەسەدە، سەبارەت بە میکانیزمی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ئاماژەی بەوە کرد “شاندێکمان سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، پڕۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای سووریا دەستپێدەکەین”.

عەبدی لەو ڕێوڕەسمەدا، کە لەلایەن هێزەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر (YAT)ەوە رێکخرابوو، جەختی لەوەش کردەوە “لەچوارچێوەی رێککەوتنێكدا، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەرانسەری سووریا، بەردەوام دەبن لە شەڕکردن دژی ڕێکخراوی داعش”. گوتیشی “هێزی دژەتیرۆری هەسەدە (YAT)، نەک هەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دژی تیرۆر خەبات دەکات”.

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەسەدە بە پشتیوانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە شەڕکردن دژی ڕێکخراوی داعش. لەو ڕووەوە فەرماندەی گشتی هەسەدە دووپاتی کردەوە “ئەزموونی شەڕ دژی داعش و خەباتی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان دژی تیرۆر، لە داهاتووشدا ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت و سوپای سووریا بەهێز دەکات“.

لە (10)ـی ئاداری (2025)، هەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان دەربارەی ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکان واژۆکرد. سەرەڕای گرژییەكان ئەم دواییە لە شاری حەلەب کە قوربانی و برینداری لێکەوتەوە، هەردوولا هێشتا پابەندن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە.

جێی ئاماژەپێدانە، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە (10)ـی تشرینی یەکەمی (2015) دامەزراوە و یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەندی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق ماوەیەكە ناڕوون و ئاڵۆزە، لەنێوان هاوکاری کاتی و ململانێدا دەسووڕێتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین