ئەکپارتی: دەم پارتی و ئیمراڵی داوای مافی هیوایان بۆ ئۆجەلان لە ئێمە نەکردووە تورکیە

نوچەنێت

پەرلەمانتارێکی ئەکپارتی سەبارەت بە ڕەخنەکانی ئەندامانی دەم پارتی بۆ سوودمەندبوونی ئۆجەلان لە مافی هیوا ڕایگەیاند، "لەلایەن ئیمراڵییەوە هیچ داواکارییەک بۆ مافی هیوا بە ئێمە نەگیشتووە، کارەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمان تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، رەنگە دوای ئەمە لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی دەستوور پێداچوونەوە بە یاسای سزادان لەبەرچاو بگیرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/10/16) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، ئۆزلەم زنگین جێگری سەرۆک گروپی ئەکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی رەخنەکانی دەم پارتی سەبارەت بە سوودمەندبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە مافی هیوا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا لەو کۆبوونەوانەی بەشداربوومە لەنێوان بەرپرسانی حکوومەت و شاندی دەم پارتی هیچ داواکارییەک نەکراوە سەبارەت بە سوودمەندبوونی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هیچ داواکارییەک لە ئیمراڵییەوە بە ئێمە نەگەیشتووە، بەڵکو تەنانەت ئۆجەلان دوای نەچوونە دەرەوەی لە ئیمراڵی چەند جارێک دووپاتکردۆتەوە، هەروەها بەرزترین ئەندامانی شاندی دەم پارتی لەکاتی کۆبوونەوەکان داواکاریەکی لەم جۆرەیان بۆ ئۆجەلان بە ئێمە ڕانەگەیاندووە."

ئەو پەرلەمانتارەی ئەکپارتی سەبارەت بەچوونی شاندێکی ئەندامانی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی و گوێگرتن لە پێشنیارەکانی ئۆجەلان دەڵێت، "لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کارەکانی کۆمسیۆن لەسەر هیچ مەرجێک رێککەوتن نەکراوە، هەروەها داواکارییەکی نوێ و مەرجێکی نوێ بۆ کۆبوونەوە لە ئارادا نییە، من چەندین ساڵە لەگەڵ ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی کاردەکەم ئەو هەڵوێستە بنیاتنەرانەی لە کۆبوونەوەکاندا هەیە هەمان شتە کە ئەنجامی کۆبوونەوەکان بەرای گشتی رادەگەیێنین."

سەبارەت بە کارەکانی کۆمسیۆن پەرلەمانتاری ئەکپارتی دەشڵێت، کارەکانی کۆمسیۆن هەتاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لەدوای ئەمە لە پەرلەمانی تورکیا ڕاپۆرتێک پێشکەش دەکەین تییادا پێشنیار و بۆچوونەکان دەخەینەڕوو وە لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی دەستوور پێداچوونەوە بە یاسای سزادان لەبەرچاو دەگیرێت."

جێگەی باسە، پرۆسەی ئاشتی و کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پەرلەمان بەردەوامە لە تورکیا، تائێستا لایەنە سیاسیەکان ناکۆکن لەسەر چوونی شاندێکی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین