هیومان رایتس وۆچ: دەستبەجێ یاسای جەعفەری هەڵبوەشێتەوە هەواڵ

نوچەنێت: ئافرەتان

ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، یاسای باری کەسی جەعفەری لە عێراق بە جیاکاری لە دژی ئافرەتان وەسف دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.

ڕۆژی (17/ئەیلول/2025) ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ بەریگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) لە ڕاپۆرتێکدا  داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسی جەعفەری لە عێراق دەکات و دەڵێت: ئافرەتان دەکات بە هاوڵاتی پلە دوو.

پەرلەمانی عێراق، لە مانگی شوباتی 2025یاسای جەعفەری پەسەندکرد و لە مانگی ئاب خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. 

هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: یاساکە لە بەرژەوەندی پیاوان و دژی ئافرەتانە لە کێشەکانی ھاوسەرگیری، تەڵاق، میرات، و چاودێری و پەروەردەکردنی منداڵ، ئەم یاسایە لەلایەن دەسەڵاتە ئایینییەکانەوە داڕێژراوە دوای ھەموارکردنی یاسای باری کەسی عێراقی کە لە شوباتی 2025پەسەند کرا. ھەموارکردنەکە ڕێگە بەو کەسانە دەدات کە گرێبەستی ھاوسەرگیری دەکەن، ئایا یاسای باری کەسی ساڵی 1959یان یاسا نوێیەکە ھەڵبژێرن کە لەلایەن ناوەندەکانی سەر فیقھی ئیسلامی شیعەی جەعفەرییەوە داڕێژراوە.

سارا سەنبەر، توێژەری عێراقی ڕیگەیاند: یاسای نوێی باری کەسی جیاکاری دژ بە ژنان زیاتر دەکات و بە یاسا نرخیان کەم دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببنە ھاووڵاتی پلە دوو، هاوکات مافی بڕیاردانی ئافرەتان و کچان دەسێنێتەوە و دەیداتە پیاوان، بۆیە پێویستە ئەم یاسایە ھەڵبوەشێتەوە.

دادوەرێک لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە یاساکە ناکۆکە لەگەڵ زۆرێک لە بڕگە یاساییەکانی سیستەمی دادوەری عێراقدا، چونکە زۆربەی یاساکانی دیکە لە چوارچێوەی چەمکی ھاووڵاتیبووندا دەرچوون، لە کاتێکدا ئەم یاسا نوێیە دان بەوەدا نانێت. یاساکە لەسەر بنەمای ئایینی، ماف دەداتە عێراقییەکان نەک ھاوڵاتیبوونیان، ئەمەش پێشێلکردنی مادەی ١٤ی دەستوورە، کە مافی یەکسانی لەبەردەم یاسادا دەسەلمێنێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین