پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی لە سووریا و عێراق درێژدەكاتەوە تورکیە

نوچەنێت: پەیام عەلی

سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی توند لەلایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق، بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (22/10/2025), پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندی خۆی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، لە خاکی سوریا و عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە دەربڕی، کە لە 30ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دەستپێدەکات. بڕیارەکە سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی توند لە لایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، بەتایبەتی پارتی یەکسانی و دیموکراتی (دەم پارتی) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پەسەند کرا.

چەند ڕۆژێک پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە واژۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یاداشتنامەیەکی فەرمی پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەنجامدانی پڕۆسە سەربازییەکان لەناو خاکی سووریا و عێراق. حکومەتی ئەنقەرە، بوونی مەترسی بەردەوام، بە درێژایی سنوورەکانی باشووری تورکیا بە پاساوی ئەم بڕیارە دەزانێت، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکەن. بڕیارەکە ڕووبەڕووی ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی توندی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بووەوە، بەتایبەتی دەم پارتی و جەهەپە، کە بە نەشیاو و دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراسیانە دایاننا.

گولستان کلیچ، جێگری سەرۆکی گروپی پەرلەمانیی دەم پارتی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کە پێشکەشکردنی داواکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەگەڵ پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا ناگونجێن. گوتیشی “ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی پڕۆسەکە نییە و دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراسیانەیە.”

تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین پڕۆسەی سەربازی لە خاکی سوریا و عێراق ئەنجام داوە، بە پاساوی شەڕکردن لە دژی ڕێکخراوە کوردییەکان، کە ئەنقەرە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی دادەنێت. هێزەکانی تورکیا کە لە ناوچەکانی سەر بە سووریا و هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر کرابوون، جار جار بابەتی ناڕەزایی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بوون.

درێژکردنەوەی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەی چارەسەری نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی پێکردووە. لەم ماوەیەدا، پێکدادانە سەربازییەکان لەنێوان هەردوولا بە تەواوی ڕاگیراون، کە نیشانەی هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیموکراسیانە. لە ئێستادا درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، گومانێکی سیاسی لەسەر ویستی تورکیا بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی ئاشتی دروست کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین