بەهجەت خدر، دوو دەیەیە لەسەر شەقام كتێب و ڕۆژنامە دەفرۆشێت کولتوور

چرا یاسین: نوچە نێت

بەهجەت خدر ڕەشیدی تەمەن (47) ساڵ، کتێب فرۆشێکی شاری لە هەولێرە، ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە، ڕۆژانە لەسەر شەقام خەریکی پیشەی کتێب فرۆشییە و دەڵێت، "ئەوەی لەو ئیشە فێری بوو، لە مامۆستاکانی خۆم لە قوتابخانە فێری نەبووم".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/10/22) بەهجەت خدر ڕەشید، فرۆشیاری کتێب، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە پیشەی کتێب فرۆشییەکەی بە نوچە نێتی ڕاگەیاند، ئەم ئیشە بۆمن بووەتە دەروازەیەک کە چێژ و خۆشییەکی زۆر زۆرم پێ دەبەخشێت، زۆرجار تەنیا بە بینینی کابینەکەم دەروونم گۆڕانکاری بەسەر دادێت و ئارام دەبمەوە، ئەمە جیا لەوەی بەردەوام هاوڕێیانی خوێنەرم دەبینم و دەیاندوێنم، "ئەوەی لەو ئیشە فێری بوو، لە مامۆستاکانی خۆم لە قوتابخانە فێری نەبووم". 

سەبارەت بە سەرەتای كاركردنی بە پیشەی كتێپ فرۆشییەوە گووتی، ئەم پیشەیەم لە برا گەورەکەم بۆ ماوەتەوە سەرەتا زیاتر ڕۆژنامە و گۆڤار بوو، لەسەر زەوی دامان دەنا، ئەمەش زۆرجار ئاستەنگی بۆ دروست دەکردین، بە تایبەت لە وەرزی زستان، بەهۆی با و بارانەوە بەشێک لە ڕۆژنامەکانمان دەفەوتان، بەلام دواتر حکوومەت ئەم کابینەیەی پێدایین و لەوێوە تا ئێستا بەردوام بوومە، تاوەکو لە ژیانیش مابم دەستبەرداری ئەو پیشەیە نابم. 

بەهجەت خدر ڕەشید دەڵێت، هیچ زەحمەتییەک لەو کارەدا نابینم، چونکە بەو پەڕی خۆشەویستییەوە دەیکەم و "زۆر کات لەگەڵ خێزانم تووشی ناکۆکی دەبینەوە، ئەو داوا دەکات واز لەو کارە بهێنم و کارێکی دیکە بکەم کە داهاتەکەی باشتر بێت، بەڵام من هەموو سامانی دونیام پێ بدەن بەم کتێبانە نایگۆڕمەوە". 

پیشەی کتێبفرۆشی سەر شەقام، لە شاری هەولێر لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991)، زیاتر بەدەرکەوت، سەرەتا تەنیا ڕۆژنامە و گۆڤار دەفرۆشرا دواتر وردە وردە گەشەی سەند و کتێبیشیان لەگەڵ دەفرۆشت.  بەشێک لەو کتێب فرۆشانە تاوەکو ئێستا لە پیشەکەیان بەردەوامن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین