شاندی ئیمراڵی: دەمیرتاش و هاوڕێیانی پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەن تورکیە

نوچەنێت

شاندی ئیمراڵی بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان ئەمڕۆ سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاورێکانی لە زیندانی ئەدیرنە کرد، شاندەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، کە هاوڕێکانیان مۆراڵیان باشە و پشتیوان و هاوکاری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/10/23) ماڵپەڕی (هاڵک) بڵاویکردەوە، لەدوای ئەوەی تورکیا دووبارە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی مافی مڕۆڤی ڕەتکردەوە و دوایکرد پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاورێکانی بکرێتەوە، لەکاتێکدا هەموو لایەک چاوەروانی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە و هەڤاڵانیان بوون. دەم پارتی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش هەربۆیەش ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی سەردانی زیندانی ئەدیرنەیان کردوو لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆبوونەوە.

لەدوای کۆبوونەوەوەکە شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیێندراوێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە سەردانەکەیان رایانگەیاند، "چاوەرانی و داواکاری ئێمە ئەوەیە دەبێت بە خێرایی هاورێکانمان ئازاد بکرێن، دەمیرتاش و یوکسەکداغ بە هەموو توانایەکیان پشتیوان و هاوکاری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەکەن و مۆراڵیان زۆر باشە."

لە ڕاگەیێندراوەکە هاتووە، "هاورێکانمان بێتاوانییان دەمێکە سەڵمێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە زیندانن هەرگیز پاسا و هێنانەوە قبوڵ ناکەین، چاوەروانیمان لە پەرلەمانی تورکیا ئەوەیە کۆتایی بەو نا دادپەروەرییە بهێنێت و هاورێکانمان بتوانن بە ئازادی بەشداری پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی بکەن." 

جێگەی باسە، دادگای مافی مڕۆڤ سێ جار بڕیاری لە بەرژەوەندی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەرکردووە، بەڵام لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە ڕەتکرایەوە، هاوکات دوا مۆڵەتی دادگای ئەوروپا بۆ دادگای تورکیا (8)ـی تشرینی یەکەمی (2025) بوو ئەگەر تورکیا داوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەکە نەکردببا ناچار دەبوو پابەندی بڕیاری دادگای ئەوروپا بێت و  دەمیرتاش ئازاد بکات، بەڵام تورکیا دووبارە داوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەکە پێشکەش بە دادگای مافی مڕۆڤی ئەوروپا کرد.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین