نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق: ئامانجمە جارێکی دیکە عێراق گەورە بکەمەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: ژیوار سلێمان سەلكە

نێردە نوێیەکەی دۆناڵ ترەمپ بۆ عێراق، لە لێداوانێکدا ئاشکرای دەکات، كاردەكات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و عێراق، هەروەها بنیاتنانەوەی عێراقێکی گەورە لە رووی  سەقامگیری و ئابووری و گەشەپێدانەوە لە پێشینەی کارەکانی دەبێت.

ئەمرۆ شەممە (25/10/2025) مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەری(کلدان پرێس) رایگەیاند، "ئامانجم کارکردنە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقیەکان بێ جیاوازی سیاسی و ئایینی و ئابووری، بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر و ئاوەدان کە بتوانێت وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ ئەمریکا خزمەت بکات, دوور لە هەموو جۆرە پشێوییەکی ناوچەکە، ئامانجمە جارێکی دیکە عێراق گەورە بکەمەوە."

لە بارەی پەیوەندیەکانی  ئەمریکا لەگەڵ عێراق، نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدا نیە هیچ کارنامەیەک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت بەڵکو دەیەوێت پشتیوانی لە حکومەتێكی سەربەخۆ بکات کە توانای  دەرکردنی بریارە سیادییەکانی خۆی هەبێت."

ساڤایا لە درێژەی  قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی عێراق کرد لە رووی ئابوورییەوە و گووتی، "عێراق خاوەنی توانایەکی بەهێزی مرۆیی و ئابوورییە، ئەگەر بە رێگەیەکی دروست وەبەرهێنان بکرێت دەتوانرێت وەک ناوەندێکی هەرێمایەتی بۆ گەشەپێدان  لە کەرتە جیاوازەکاندا و سەقامگیری لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا ببینرێت."

نێردە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا  سەبارەت بە  پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دووپاتیکردەوە،" سەردانەکەی داهاتووی من بۆ بەغدا پەیامێکی ئاشکرا و روون دەبێت کە ئەمریکا پاڵپشتی عێراقێکی  پتەو و بەهێز دەکات، هەروەها  قۆناغێکی نوێی هاوکاری  و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وڵات دەستپیکردووە."

جێگەی ئاماژە پێدانە  لە (20/10/2025)دا لەلایەن دۆناڵ ترەمپ، مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکرا،ساڤایا بارزگانێکی کلدانی بە رەچەڵەک عێراقییە ، بەرپرس دەبێت لە نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین