کۆمسیۆنی پرۆسەی ئاشتی بە بەشداریی وەزیری دەرەوە و دادی تورکیا کۆدەبێتەوە تورکیە

نوچەنێت: دنیا ئەحمەد

کۆمسیۆنی پرۆسەی پاڵپشتی نیشتیمانی و برایەتی و هاوپشتی لەم هەفتەیەدا بۆ جاری شازندەهەمین کۆدەبێتەوە، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی هەسەدە، وەزیری دادی تورکیاش بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە هەنگاوەکانی یاسادانانی دوای چەکدانانی پەکەکە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (2025/10/25) ماڵپەڕی (T24) بڵاویکردەوە، لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا و کۆمسیۆنێک بە بەشداری لایەنە سیاسیەکی تورکیا دامەزرا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا (30)ـی تشرینی یەکەم ڕۆژی پێنجشەممە شازنزەهەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵماش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.

لە قۆناغی یەکەمی کۆبوونەوەکە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و ئەو گروپانەی کە دەبێت هاوشێوەی پەکەکە چەکەکەکانیان دانێن بەتایبەت دوایین پێشهاتەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی گشتی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکە، قۆناغی دووەمی کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر (13:00) بە بەشداری یڵماز تونج وەزیری دادی تورکیا بەڕێوەدەچێت، تونج چەند زانیارییەک سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوای چەکدانانی پەکەکە و یاسادانان سەبارەت بە پرۆسەکە دەخاتە ڕوو، هەروەها گۆرانکارییەکانی ڕووبەروبوونەوەی تیرۆر و کارکردن لەسەر رێساکانی ناو یاسای جێبەجێکردن و هەموارکردنی دەستوور باس دەکرێت.

جێگەی ئاماژە پێدانە، لە پرۆسەی ئاشتی نوێدا و دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی چارەسەری ئاشتیی کە پێکهاتووە لە (51) ئەندام پەرلەمان، هەریەک لە ئەکپارتی بە (22) ئەندام و جەهەپە بە (11) ئەندام، دەم پارتی بە (5) ئەندام، مەهەپەش بە (4) ئەندام، ڕەفاهـ نوێ بە (3) ئەندام، پارتەکانی دیکەش یەکە و یەک ئەندامیان بەشدارن. بڕیارە لەدوای کۆبوونەوەکان ئەندامانی کۆمسیۆن لە ڕاپۆرتێکدا ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە پێشکەش بکەن لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسا و ناردنی بۆ پەرلەمانی تورکیا و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوەش پەسەند بکرێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین