ئەفسەرێكی خانەنشیكراو دەبێتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: پەیام عەلی

ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپا و دیپلۆماتکارێکی بە ئەزموونی ئەمریکا، بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک دەستنیشان کرا، چاوەڕواندەکرێت دووبارە بەشداربێت لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی، کە تێیدا پرسی کورد یەکێکە لە سەرەکیترین دۆسییەکان.

ڕۆژی چوارشەممە (22/10/2025) کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، جۆیل ڕەیبۆرن، دیپلۆماتکاری بەئەزموون و ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، پەسەندکرد. ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2025دا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەستنیشانکرا. ڕەیبۆرن، یەکێک لە شارەزاترین کەسایەتییەکانی ئەمریکایە لەسەر دۆسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پۆستە نوێیەکەشیدا، بە فەرمی سەرپەرشتی دۆسیەی وڵاتانی وەک تورکیا، سووریا، لوبنان، ئەردەن و عێراق دەکات. 

لە ڕابردوودا، ڕەیبۆرن دیدێکی ڕوونی لەسەر پرسی کورد هەبووە. هەوڵی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی کوردانی سووریای لەگەڵ تورکیا داوە و جەختی لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی سووریا، وەک ڕێگایەک بۆ سەقامگیری کردووەتەوە. هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە “قەوارەیەکی دەستووریی لەناو دەوڵەتی عێراقدا”ی دەزانێت. یەکێک بووە لەوانەی داوای چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و دژی کۆنتڕۆڵکردنیان بووە لەلایەن حیزبەوە.

ڕەیبۆرن، بە ڕاشکاوی باسی لەوەش کردووە کە “کێشەکە پەکەکەیە” و داوای هەنگاوی بەرەو ئاشتی لەنێوان پەکەکە و تورکیا کردووە، کە ڕەنگدانەوەی دیدگای ئەمریکایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئەو پرسە.

جۆیل ڕەیبۆرن، ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا و دیپلۆماتکارێکی بەئەزموونە، پاش بەشداریکردن لە شەڕەکانی عێراق، ڕوویکردە بواری دیپلۆماسیەت. لە ساڵانی (2017-2018)، بەڕێوەبەری باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بووە لە وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان. لە سەردەمی کابینەی یەکەمی ترەمپدا لە ساڵانی (2018-2021)، وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کاریکردووە و زەمینەیەکی بەهێزی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە پەیداکردووە.

کتێبەکانی جۆیل لەسەر شەڕی عێراق و ناسینی قووڵی بۆ ناوچەکە، وایکردووە ببێتە دەنگێکی کاریگەر لە سیاسەتی ئەمریکا و چاوەڕواندەکرێت ڕۆڵی گرنگی لە دیاریکردنی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد هەبێت، بەتایبەت بۆ پشتیوانی لە کوردانی سووریا، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و مامەڵە لەگەڵ پرسی پەکەکە لە ناوچەکەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین