عێراقچی: ئێران متمانەی بە ئەمەریکا نییە ئێران

نوچەنێت: سنوور یاسین

وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی ناکوکییەکان لەگەڵ ئەمەریکا دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، "ئامادەین بۆ گفتوگۆی بەرهەمدار و متمانەکردن بە ئەمەریکا ئاسان نییە"، هاوكات ڕەتیدەكاتەوە ئێران چەكی ئەتۆمی بۆ تر بەكاربێنێت جگە لە ئاشتی.

ڕۆژی یەکشەممە (2025/10/26) ماڵپەڕی (ئێرنا) بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "تاران بەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەدات، بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەریکا بەدەست نەهێناوە لەبەر ئەوە ئێران هیچ متمانەیەکی بە واشنتۆن نییە و بە وریاییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین". عێراقچی دووپاتی دەکاتەوە، "لە دۆخی ئێستادا هیچ بنەمایەکی پتەو نییە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا ئەگەرچی ئێران ئامادەی دانووستاندنە و چەندین جار ڕایگەیاندووە ئامادەی دیالۆگی ڕاستەقینەن کە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت".

بە گوێرەی وتەکانی عێراقچی، "ئێران ئامادەیە بەشدار بێت لە گفتوگۆکان ئەگەر لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی، یەکسانی و دادپەروەری بێت، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سوودبەخش بێت کە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی تێدا بێت و ڕێز لە سەروەری و چارەسەری هەردوولا بگرێت". 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "ئەوان هەرگیز دەستبەرداری دیپلۆماسی نابن، بەردەوام دەبن لە هەوڵدانییان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هاووڵاتییانی ئێران و هیچ هەنگاوێکی نەرێنی بەرامبەر بە هاوڵاتییانی قبوڵ ناکات چونکە وڵاتەکە ئامادە نییە وەڵامی هێز، فشار، سزا و ئاڵۆزییەکان ناداتەوە، بەڵام پێشوازی لە چارەسەرکردنی ژیرانە و ڕاستییانە دەکات، داوا دەکات ئەمەریکا واز لە زاڵبوون بهێنێت".

سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵدا وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هێرشەکە بێ هۆکار بووە و ئیسرائیلیش هیچ هۆکارێکی یاسایی نییە بۆ کردەوەکانی چونکە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە بووە و بەردەوامیش دەبێت، گەلی ئێران لە ماوەی (12) رۆژی هێرشەکەدا خۆڕاگرییان نیشاندا و لە جەنگ نەترسان و بەرپەرچیان دایەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین