تورکیا (20) فڕۆکەی جەنگی لە بەریتانیا دەکڕێ تورکیە

نوچەنێت

کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، لە مەراسیمێکدا کڕینی (20) دانە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون لەنێوان تورکیا و بەریتانیا واژۆ کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە (2025/10/27) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەر بانگهێشنامەی ئەردۆغان ئەمڕۆ گەیشتە تورکیا و لەلایەن یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا، بە ئامەدەبوونی ئەردۆغان و ستارمەر لە ئەنقەرە رێورەسمی کڕینی (20) دانە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون لەنێوان تورکیا و بەریتانیا واژۆ کرا.

ستارمەر لەمیانەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، تورکیا بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەریتانیا لە بەرامبەر کڕینی (20) دانە لە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون بڕی (10.7) ملیار دۆلار دەدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە کڕینی فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون گوتی، "پێموایە کڕینی ئەم فڕۆکانە و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێتە کرانەوەی دەرگایەک بەڕووی پرۆژەی هاوبەش لە پیشەسازی بەرگریی."

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "ڕێککەوتنی فڕۆشتنی (20) دانە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون گەورەترین گرێبەستە لەو جۆرە نەوەیەی فڕۆکە جەنگییەدا."، هەروەها یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "دانوستاندنەکان لەگەڵ قەتەر و عومان بەردەوامە و بڕیارە (12) دانە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون بکڕین."  

جێگەی ئاماژە پێدانە، پرۆژەی فرۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر تایفون لە ساڵی (1983)  لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا بە هاوبەشی وەک (بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا) دامەزاوە. لە دوای دوررخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35)ـی ئەمریکا و  بێ هیوابوونی، چەند ساڵێکە هەوڵی بەدەستهێنانی فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفون دەدات، بەڵام بەهۆی نارازیبوونی ئەڵمانیا ئەنفەرە نەیتوانیوە ئەم فڕۆکە جەنگییە بکرێت. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین