وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەربارەی ڤاکسینی (ئەسترازێنیکا) دەکرێن تەندرووستی

د. زانا ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕی هەناو

چەند ڕۆژێکە دەمەوێت ئەم نووسینە بڵاو بکەمەوە، بەڵام حەزم نەکرد تا خۆم بە فیعلی وەری دەگرم بڵاوی بکەمەوە، جا دوای ئەوەی دوێنێ ڤاکسینەکەم لە خۆم دا، وا بە وەڵامەکانەوە لە خزمەتتاندام:

- ئایا ڤاکسینێکی باشە؟

زۆریش. ئێستا ناوەندە تەندروستییەکان وا پێناسەی باشترین ڤاکسینی کۆڕۆنا دەکەن کە "ئەو ڤاکسینەیانە کە زووتر دەستت دەکەوێت"، بۆیە کە ئێستا ئەمەیان بەردەستە، باشترینە.

- وایە ئەمریکییەکە باشترە؟

ئەمریکییەکە-Pfizer هەندێک لەمە کاریگەرترە، بەڵام لەبەرئەوەی پێویستی بە بەفرگری تایبەت هەیە کە لە گەرمیی سالب ٨٠-٦٠ بێت، بۆ ئەم وڵاتانەی ئێمە زەحمەتە گەرەنتیی ئەوە بکرێت، بۆیە بۆ ئێمە، ئەمەیان باشترە.

- کێ دروستی کردووە؟

ئەسترازێنیکا کە یەکێکە لە باشترین کۆمپانیاکانی دەرمان، کە کۆمپانیایەکی بەریتانی-سوێدییە، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرد کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا یەکێکە لە باشترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان.

- ئایا ڕاستە ئەوەی بۆ ئێرە هاتووە، ئێکسپایەری نزیکە؟

نەخێر، خۆی لە ٤-١-٢٠٢١ەوە بەکار دەهێنرێت کە سێ مانگ دەکات.

- لە چی دروست کراوە؟

DNAی (ئەدینۆڤایرۆس) لەگەڵ RNAی پڕۆتینی دڕکەکانی سەر ڕووی کۆڕۆنا ڤایرۆس.

- ئایا ڕۆنی بەرازی تێدا بەکار هاتووە؟

کۆمپانیاکە وەڵامی پرسیاری دەستەیەکی فەتوای دایەوە "نەخێر هیچ شتێکی تێدا نییە بەپێی ئیسلام ڕێگەپێدراو نەبێت"، بۆیە حەڵاڵە.

- ئەی ئەمە بۆ کۆڕۆناکەی پێشوو نەبوو؟ ئەی چۆن کاریگەریی بۆ جۆرە گۆڕاوەکە هەیە؟

جۆرە گۆڕاوەکە ئەوەندە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە ئەم ڤاکسینە ٩٠٪ی ئەو کاریگەرییەی لەسەر ئەوەی پێشوو هەیبوو، لەسەر ئەم جۆرە گۆڕاوەش هەیەتی.

- ئایا منداڵ دەتوانێت وەری بگرێت؟

ئەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، تا ئێستا تەنها ڕێنمایی کەسانی سەروو ١٨ ساڵ دەکرێت وەری بگرن.

- ئەی ژنانی دووگیان؟

نابێت وەری بگرن، تەنها ئەو ژنانەی کارمەندی تەندروستین.

- ئەی ئەو ژنانەی شیر دەدەنە منداڵ؟

دەتوانن وەری بگرن.

- چۆن وەردەگیرێ؟

لە ڕێی ماسوولکەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناوچەی سمت چەوری زۆرە و بۆیە ناتوانرێت گەرەنتیی ئەوە بکرێت بگاتە ناو ماسوولکە، لە ماسوولکەی شان دەدرێت.

- لە کام شان؟

جیاوازیی نییە، بەڵام لەبەرئەوەی ئازار لەو شانە دروست دەبێت، کام دەستەت بەکاردەهێنیت، داوا بکە لە لایەکەی ترت بدەن.

- جورعەی دووەم کەی وەردەگیرێت؟

٨-١٢ هەفتە دواتر.

- ئەی ئەگەر هی دووەم وەرنەگیرێ؟

هیچ ڕوونادا، جگە لەوەی ئەو بەرگرییەی دەخوازرێت، بەو ئاستە بەدەست ناهێنرێت.

- ئایا خوێن مەیین دروست دەکات؟

ئەوەندە کەمە کە هی باس کردن نییە! خوێن مەیین هەبووە لە خوێنهێنەری مێشک بە ڕێژەی ٢ لە ملیۆنی ئەوانەی وەریان گرتووە، بەڵام ئەو حاڵەتە لە باری ئاساییدا بە ڕێژەی ٥ لە ملیۆن ڕوودەدات!

- ئەگەری مردن پێی هەیە؟

لە بەریتانیا ڕێژەی مردن ١ لە سێ ملیۆن کەسی ئەوانە بووە کە وەریان گرتووە، دیاریش نییە ڤاکسینەکە هۆکار بووە یان نا، بەڵام بیرت نەچێ ڕێژەی مردن بە کۆڕۆنا ٣،٥ لە سەدایە. واتە تووشی کۆڕۆنا ببیت، ئەگەری مردنت هەزاران قات زياتره لەوەی بە ڤاکسینەکە بمریت!

- ئایا پێویست دەکات پێش ئەوە هیچ پشکنینێک بکرێت؟

نەخێر

- ئایا پێویست دەکات پێش و پاش ڤاکسین وەرگرتنەکە حەبی ئەسپرین و دەرزیی کلیکسان وەربگیرێ بۆ ڕێگری لە خوێن مەیین؟

نەخێر، زیانیان دەبێت و سوودیان نابێت.

- پێشتر تووشی کۆڕۆنا بووم و بەرگریم بۆ دروست بووە، بۆیە وەری ناگرم!

هەڵەیت، چونکە بەرگریی دژە کۆڕۆنا درێژخایەن نییە و ڕۆژبەڕۆژ دادەبەزێت.

- ئایا دەکرێت ئێستا وەری نەگرم، کەی تووش بووم ئینجا وەری بگرم؟

نەخێر، چونکە ڤاکسین ڕۆڵی هەیە لە ڕێگری نەک چارەسەری نەخۆشی. ئەسڵەن کە تووش بوویت، هەر نابێ وەری بگریت!

- تا چەند دوای تووش بوون بە کۆڕۆنا نابێت وەری بگریت؟

٣ مانگ

- نیشانە لاوەکییەکانی چین؟

وەک تووش بوونی کۆڕۆنا وایە بە سووکی: لەرز و تا، ژانەسەر، ئێڵنج دان، بێهێزی، ئازاری ماسوولکە، ئەمە جگە لە ئازاری شوێنی دەرزی لێدانەکە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ١-٢ ڕۆژ تێپەڕ ناکات.

- ئایا کەسێک ڤاکسین وەربگرێت، ئیتر مانای وایە تووش نابێت؟

نەخێر، کاریگەریی ئەم ڤاکسینە لە ڕێگری کردن لە کۆڕۆنا ٦٣٪يە.

ئایا کەسێک خۆی بکوتێت، ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک بگوازێتەوە؟

بەڵێ، بەڵام زۆر کەم.

- ئایا ڕۆژوو دەشکێنێت؟

زانایانی ئاینیی ئیسلام هاوڕان لەسەر ئەوەی هەر چارەسەرێک خۆراک بە جەستە نەدات، ڕۆژوو ناشکێنێت، بەو پێیەش ئەم ڤاکسینە ڕۆژوو ناشکێنێت.

- ڤاکسینەکە لە ماوەی چەنددا بەرگری دروست دەکات؟

١-٤ هەفتە، بۆیە نابێت تا مانگێک دوای، خەمساردی بکرێت لە خۆپارێزی.

- ئایا ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن وەری بگرن؟

ئەی چۆن؟! بەتایبەت ئەوان دەبێت وەری بگرن.

- ئایا پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت؟

نەخێر، بەڵام وەڵامەکە بەڵێیە بۆ ئەوانەی ئەم حاڵەتانەیان هەبووە یان هەیە: تالاسیمیا و نەخۆشییەکانی دیکەی خوێن، شێرپەنجە، قەڵەویی زۆر، خوێن مەیین لە خوێنهێنەرەکانی قاچەکان.

- با جارێک چاوەڕێ بکەم بزانم چی ڕوودەدات؟

چاوەڕێ بکەیت ڕەنگە بەرت نەکەوێتەوە، چونکە ئەوەی تا ئێستا دابین کراوە بەشی ١٪ی دانیشتووانی هەرێم ناکات، جا با ١٠ ئەوەندەی تر دابین بکرێت، خۆیشت دەزانیت، هەر ئەوەندە خەڵکی ئێمە ڕووی لە شتێک کرد!.

- ئایا ئەم ڤاکسینە بەرگریی هەتاهەتایە دەبەخشێت؟

نەخێر، ئامانجی کۆمپانیاکە بەرگرییەکی ٦ مانگەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین