هەسەدە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا ناوی (70) فەرماندەی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

دانوستاندنەکان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسانی حکومەتی سووریا بەردەوامە، بەگوێرە زانیارییەکان، بەمەبەستی یەکگرتنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا لیستی ناوی فەرماندەکانی یەکە سەربازییەکانیان ڕادەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/10/29) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، لەدوای ڕوخانی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع تاوەکو ئێستا گرژیی و ململانێ لەنێوان هێزە کوردییەکانی سووریا دیموکرات و سوپای سووریا بەردەوامە، هەروەها فشارەکانی تورکیاش تادێت زیاتر دەبێت و هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و داوای تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا دەکات.

هاوکات هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا لە چوارچێوەی ڕێککەتنەکانی (10)ـی ئازار و دانوستاندنەکان لە دیمەشق بەردەوامە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای نۆرس پرێس ، هەسەدە لیستی ناوی (70) فەرماندەی ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە بۆ بەشداریکردن لە لیوا تایبەتەکانی سوپای سووریا، هەروەها بەمەبەستی بەشداریکردن لە نوێنەری وەزارەتی بەرگریی و ئەرکەکانی گشتی سووریا.

ماڵپەرەکانی تورکیا سەبارەت بەو هەواڵە ئاماژە بەوە دەکەن، لە لیستەکەدا فەرماندەی سێ فیرقەی سەربازی جێگیرکراوە لە ناوچەکانی حەسەکە، ڕەقە و دێرەزۆر، هەروەها فەرماندەی سێ لیوای تایبەت لەژێر دەسەڵاتی گشتی و لیوای هەماهەنگی لەگەڵ هاویمانی نێودەوڵەتی کە ئەرکەکانیان بریتییە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها هەسەدە لە کاتی پێشکەشکردنی لیستی ناوەکان داواشی کردووە بە زووترین کات یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا ئەنجام بدرێت.  

  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین