ڕافایل گرۆسی: ئێران پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی نییە ئێران

نوچەنێت

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، "ئەنجامی پشکنینەکانیان دەریخستووە ئێران پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی نییە". هاوکات دەشڵێت، "ئاژانسەکە بەردەوام دەبێت لە پشکنینەکانی".

ڕۆژی شەممە (2025/11/1) ماڵپەڕی (کاردیل) بڵاویکردەوە، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی پشکنینەکانەوە دەتوانین پشتڕاسی بکەینەوە ئێران پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی چالاکی نییە". سەبارەت بە وێنە بڵاوکراوەکان گرۆسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "ئەم وێنانەی لەم دواییانەدا لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە بڵاوبوونەوە تەنیا چالاکی گوماناوی بوون لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران و کارەکانی تەنیا پیشەسازی ئاسایین".

لە لایەکی ترەوە ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، "هەر هەوڵێک لەلایەن بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕادەگرین و بەردەوامی بە ڕێککەوتنەکان نادەین".

دوای هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی (2025)ـــی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمییەکەی ئێران گرۆسی ڕایگەیاند، "ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەردەوامی دیالۆگ و دڵنیابوون لەوەی کە پشکنینەکان لە ئێران بەردەوام دەبن و دەگەین بە لێکۆڵینەوەی تەواوەتی".

کۆتایی مانگی نیسانی (2024) بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بەدەستبهێنێت کە بتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات و پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئێران لە ئاستێکی نزیک لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە جێگەی نیگەرانی ناوبرد  و ڕایگەیاند، "بەبێ پشکنین و ئەنجامە کۆتاییەکان ناتواندرێت راستەوخۆ بەو ئەنجامە بگەین، کە کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی هەیە یان لە چ کاتی داهاتوودا بەدەستی دەهێنێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین