تەلاری پەرستگەیەکی پێنج هەزار ساڵە لە باشووری کوردستان دۆزرایەوە کولتوور

نوچەنێت

د. دلشاد زاموا مامۆستا لە بەشی شوێنەوا لە پۆستێکدا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دێرینترین پەرستگەی لە باشووری کوردستان لە دەشتی بازیانی دۆزیەوە و پەرستگاکە هاوسەردەمی پەرستگە دێرینەکانی سومەرییەکانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/11/5) د. دلشاد زاموا مامۆستا لە بەشی شوێنەوا پۆستێکی لە تۆری کۆمەڵایەتی فیسبوک بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، "پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی ئازیزمان لە تیمی زانکۆی کۆیمبرا و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەکەین بۆ دۆزینەوە گرنگەکەیان، ئەم تیمە گەنجە زیاتر لە دەیەیەکە لە گردی کانی شایی بازیان کنەوپشکنین ئەکەن. کانی شایی کاروانسەرای کەلتور و شارستانییە دێرینەکانی زاگرۆس و مێسۆپۆتامیایە، مێژووی ژیان و ئاوەدانی لەوێ حەوت هەزار ساڵ زیاترە."

ئەو مامۆستایە سەبارەت بە دۆزینەوەی پەرستگەکە ئاماژەی بەوە داوە، "وەرزی ئەمساڵ دۆزینەوەی "تەلاری پەرستگەیەک"ی پێنج هەزارساڵەی دەرخست. پەرستگاکە هاوسەردەمی پەرستگە دێرینەکانی سومەرییەکانە. ئەمەش ئەوە دەردەخات گەلانی زاگرۆس لە باکور و سومەرییەکان لە باشوری مێسۆپۆتامیا لە یەک سەردەمدا خاوەنی شارستانی و پەرستگەبوون." 

هەر لەو پۆستەیدا ڕاشیگەیاندووە، "وردە وردە پڕوپاگەندەی سیاسی-ئاینی سومەری ڕوونتر دەبێتەوە، کە گەلانی زاگرۆسیان بە خراپەکار و بەربەری، لە شێوەی دێوی خومبابا زاگرۆسییەکانیان وێنادەکرد، و خۆیان بە گلگامێش و پاڵەوان وێنا دەکرد، و دێوەکەیان دەکوشت. ئێستا کنەوپشکنینەکان لە زاگرۆس ئەوە دەردەخەن، کە ئێرە قەراغ و لێواری شارستانی نەبووە. بەڵکو بەشێک بووە لە کرۆکەکەی."

هەروەها دەشڵێت، خۆشحاڵم کە لەم پڕۆژەی کنەوپشکنینەدا هەر پێش دەستپێکردنی و تا ئێستاش وەک پاڵپشت و ڕاوێکارێکی ئەم تیمە گەنجە ئازیزە نێودەوڵەتییە بەشدارم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین