وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا: ئه‌م هه‌فته‌یه‌یش به‌شدارى دانوستاندنى ڤیێنا ده‌كه‌ین ئێران

نوچه‌نێت

جالینا پۆرتەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە پێنجی ئایار گوتی، شاندی دیپلۆماتکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم هەفتەیە بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥، دەگەڕێتەوە بۆ ڤیێنا پایتەختی نەمسا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە شەشی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، جالینا پۆرتەر دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکان سەبارەت بە گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا گوتی، "لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، شاندی ئەمریکی بە سەرپەرشتی ڕۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، سەرقاڵی لێکدانەوەی ڕوانگە جدییەکان دەربارەی ئەو هەنگاوانە بووە کە پێویستە ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی گەڕانەوەی هەر دوو لایەن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بیانهاوێژن".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "هەڵبەت شاندەکەی ئەمریکا ئەم هەفتە بە مەبەستی بەشداریکردن لە خولی داهاتووی گفتوگۆکان بۆ ڤیێنا سەفەر دەکات".  

هەواڵی سەفەری شاندی ئەمریکا بۆ ڤیێنا لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ڕۆژی ڕابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا گوتی "هەندێ پێشکەوتن" لەو گفتوگۆیانەدا هاتوونەتە ئاراوە بەڵام هێشتا پێویستە ڕێگایێکی دوورودرێژ ببڕین.

بەڵام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە سەبارەت بەو گفتوگۆیانە گوتی: "وەک سەرۆکی حکومەت بە خەڵکی ڕادەگەیێنم گەمارۆکان شکاون و ئەگەر یەکڕیز بین بەم زووانە گەمارۆکان هەڵدەوەشێنەوە. شاندی ئێمە ئاگادارە ڕێگایێک جگە لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بوونی نییە".  

حەسەن ڕۆحانی گوتیشی " سەبارەت بە گەمارۆکان ئەو کارەی شاندی گفتوگۆکاری ئێمە لە ڤیێنا ئەنجامیان دا کارێکی گەورە بوو و لایەنی بەرانبەر ئەگەر بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ یاسا و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و ڕێز لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ بگرێت بە بڕوای من پرسەکە خێرا چارەسەر دەبێت. گفتوگۆکان لە چوارچێوە و ئاراستەیەکی دروستدا ئەنجام دەدرێن و ڕێگاکە، ڕێگایەکی دروستە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی ئەکسیوس ڕۆژی چوارشەممە بە گێڕانەوە لە دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکیی نووسی، ناکۆکی زۆر لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەربارەی ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە ئێران بە مەبەستی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی بیانهاوێژێت لە ئارادان و ئەو کەلێنە بووەتە هۆی ڕاوەستانی گفتوگۆکان.

ئەکسیوس نووسیویەتی، ئیدارەی بایدن ڕایگەیاندووە، هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ پێویستی بەوە هەیە کە ئێران بە تەواوەتی بەڵێنە پێشووەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەو پرسە بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەراورد لەگەڵ شەش ساڵ پێش ئێستا، ئاڵۆزتر بووە.

دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بە ئەکسیوسی ڕاگەیاندووە، ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەوروپی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کۆدەنگن کە "کاتی دەرچوونی ئەتۆمی" واتە مەودای نێوان ئێران لەگەڵ بەرهەمهێنانی کەرەسەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لانیکەم یەک ساڵە. ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتە هەروەها دەربارەی چۆنیەتی گەیشتن بەو ئامانجە، هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە.

هەروەها ئەکسیوس نووسیویەتی، بەڵام هەڵوێستی ئێران زۆر جیاوازە. ئەو دیپلۆماتکارە ئەوروپییە دەڵێت، ناکۆکیێکی بنەڕەتی دەربارەی ئامێرە پێشکەوتوو و نوێکانی دەرکەوتن کە ئێران دایناون و ڕێگا بە تاران دەدەن پرۆسەی پیتاندنی یورانیۆم بە شێوەیەکی خێراتر ئەنجام بدات، لە ئارادایە.

ئاژانسی هەواڵی ئەکسیوس ڕایشیگەیاندووە کە گفتوگۆکانی ئەو لیژنەیە کە دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان کار دەکات پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە، بەڵام گفتوگۆکانی ئەو لێژنەیە دەربارەی مەرجەکانی چالاکییە ئەتۆمییەکان کار دەکات، پێشکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووە.

خولی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە  یه‌كی ئایار لە ڤیێنا کۆتایی پێهات. تا ئێستا هەموو لایەنەکان و لەوانە ئەمریکا باسیان لە "پێشکەوتنی" گفتوگۆکان کردووە، سەرەڕای ئەوە زۆربەیان جەختیان کردووەتەوە کە هێشتا زووە سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکان قسە بکرێت.

هەندێ لە سەرچاوەکانی هەواڵ و لەوانە میدیاکانی ئیسرائیل بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە ئەگەری زۆرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین