مێژووی بونیاتنانی شاری سلێمانی کولتوور

نوچەنێت

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە (9/11/2021) بڕیاریدا ڕۆژی (14)ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک یادی دامەزراندنی پارێزگای سلێمانی بکرێتەوە. بە بەڵگەی ئەو دەستنووسەی کە هیی مامۆستا مەلا عومەرە تێیدا نووسراوە، کە سلێمانی لە (1999)ـی کۆچی دروستکراوە، کە (1/1/1999ک) هاوتایە لەگەڵ (14/11/1784ز) بۆیە بە کۆی دەنگی 24 ئەندامی ئەنجوومەن لە کۆی 25 ئەندام. ئەم ڕۆژە بە یادی دامەزراندنی پارێزگای سلێمانی دادەندرێت. 

پایتەختی میرنشینی بابان

دوای نەمانی دەسەڵاتی مادەکان، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی ئەمڕۆدا بەسەر میر و میرنشینەکان دابەشکرا و هەریەکەی لە ڕاست خۆیەوە؛ ڕێبەری میرنشینەکەی دەکرد و یاسای جیاوازی تایبەت بەخۆی دادەنا. بەشێک لە میرنشینەکان لەگەڵ فراوانبوونی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتییان هێزی سەربازی تۆکمە و دامەزراویشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میرنشینەکانی تر پێکهێنابوو. دەسەڵاتێکی تەواو ڕەها و نەترس لە هەر تەوژمێک کە بەرەو ڕووی سنووری دەسەڵاتییان دەبووەوە. یەکێک لەم میرنشینانە میرنشینی بابانە کە لە بەشێک لە سەرچاوەکان هاتووە: لەلایەن فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە لە ساڵی (1649ز) دروست کراوە. میرنشینی بابان بە پێی هەڵکەوتەی دیاریکراو و گونجاوی خۆی، چەند قۆناغێکی سیاسی دەگرێتەوە؛ لە هەریەکێک لەم قۆناغانەشدا لە ناوچەیەکی کوردستان دەسەڵاتییان دامەزراندووە و حکومیان گێڕاوە. دامەزراندنی سلێمانی بۆ سەردەمی نشینگەی هێزی میرنشینەکە لە قەڵاچوالان دەگەڕێتەوە. 

هەڵکەوتەی قەڵاچوالان

لە بنەڕەتدا قەڵاچوالان گوندێکی شارەدێی چوارتایە، سەر بە قەزای شارباژێڕە و دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی (شەمساوا) و لە باشووریش لەگەڵ گوندی (کانی وەیسە) یەک دەگرێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتدا بە گوندی (سامان) و لە ڕۆژئاوایشەوە بە گوندی (گەنکاوا)دا دەورە دراوە. قەڵاچوالان بەر لە سلێمانی پایتەختی میرنشینی بابانەکان بوو، بەڵام بەهۆی نزیکایەتی قەڵاچوالان لە ئێرانەوە ببووە هۆی مەترسی بۆ سەر میرنشینەکە، چونکە ئەوکاتە ترۆپکی پەیوەندی خراپی (عوسمانی) و (سەفەوییەکان) بوو، لەگەڵ هەر پەلامارێکدا میرنشینەکەیش دەبایا خۆی بۆ بەرگری تەیار و ئامادە بکات. جگە لەوەش، هەر یەک لە عوسمانی و سەفەوییەکان دەیانویست میری بابان بۆ لای خۆیان پەلکێش بکەن و لە دژی لایەکەی تر بۆیان بجەنگێت، کە ئەمە ببووە هۆی دووبەرەکی لە نێوان ناوەخۆیە سیاسییەکەی بابان و خەریک بوو بنەڕەتە سیاسییەکەی بابان لەبەر یەکتر هەڵوەشێوەتە.

دروستکردنی شاری سلێمانی

بەم هۆیانەی پێشتر باسکران لە ساڵی (1781ز) مەحموود پاشای بابان هەوڵی دا پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچۆلانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر. بۆیە ئیبڕاهیم پاشای میری میرنشینی بابان لە ساڵی (1783ز) دەستی بە دروستکردنی شاری سلێمانی کرد و لە ساڵی (1784ز) کارکردن لە دروستکردنی شارەکە تەواو بوو. بۆیە سەرانی میرنشینەکە بە تەواوی دەسەڵات و خەڵکەکەیەوە لە (1784ز) پایتەختەکەیان لە قەڵاچۆلانەوە بۆ سلێمانی گواستەوە. هەڵبەتە ئیبراهیم پاشا بە هۆی باوکییەوە کە ناوی (سلێمان پاشای بابان) بوو، شارەکەی ناونا سلێمانی. 

نەخشەی شارەکە

لەگەڵ دروستکردنی شارەکە (7) گەڕەکی سەرەکی دروسـکرا، کە بریتین لە: (گەڕەکی گۆیژە، گەڕەکی سابوونکەران، گەڕەکی کانی ئاسکان، گەڕەکی دەرگەزێن، گەڕەکی سەرشەقام، گەڕەکی جوولەکان، گەڕەکی سەرچیمەن):

گەڕەکی گۆیژە: کۆنترین گەڕەکی شارە و بە ناوی چیای گۆیژەوە ناونراوە. 

گەڕەکی سابوونکەران: یەکێکە لەو گەڕەکانەی لەگەڵ دروستکردنی شارەکە دروستکراوە و سەرەتا خەڵکەکەی بە پێشەی دروستکردنی سابوونەوە خەریک بوون. 

کانی ئاسکان: وەک لە چامەکەی (نالی)دا هاتووە: 

ئێستەش مەکانی ئاسکەیە، کانی ئاسکان

یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟!

گەڕەکێکی کۆنی شارە و بەو کانییە بەناوبانگ بووە کە لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە هاتووە، (مارف خەزنەدار) لە کتێبی (نالی لە دەفتەری نەمریدا) دەڵێت: لای ئەو کانییە شوێنی خۆنواندنی کچان و بازبازێنی سەربازە لاوەکان بووە، هێزی خۆیان نواندووە و کچانی شۆخیش بەو دانیشتنە چێژیان وەرگرتووە. 

گەڕەکی دەرگەزێن: دانیشتووانەکەی لە دەرگازێنی شاری هەمەدانەوە هاتوون و گەڕەکێکی تری کۆنی شارەکەیە. 

گەڕەکی جوولەکان: ئەو گەڕەکە لەو جوولەکانە پێکهاتبوو کە لە قەڵاچوالانەوە هاتبوون، پیشەیان کوتاڵفرۆشی و خمچییەتی (خمچییەکان قوماشی سپییان لە خمی شین هەڵدێنا و ڕەنگەکەی بە شین دەگۆڕا). 

گەڕەکی سەرچیمەن: یەکێکە لە گەڕە کۆنەکان و لەبەر ئەو چیمەن و مێرگە زۆرەی تیای بووە بەم ناوەوە ناونراوە. قاوەخانەی سەرچیمەنیشی پێ گوتراوە، کە پیر و لاوانی شار ئێواران لێی کۆبوونەتەوە و گوێیان بۆ حیقایەتی حیقایەتخوان ڕاگرتووە. 

گەڕەکی سەرشەقام: لە گەڕەکەکانی تر تازەترە و لە دوای ئەوان ئاوەدان کراوەتەوە، شوێنی کاروانچییان و ئەو ڕێبوارانە بووە کە بۆ کاری بازرگانی و گەشتکردن هاتوونەتە ناو شارەکە. 

پێگەی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی

پێگەی ڕۆشنبیری لەم شارەدا لە مزگەوتەکانییەوە سەرچاوەی گرتووە، د، کەمال مەزهەر (60) دانە مزگەوتی کۆنی شارەکە دەستنیشان دەکات و مزگەوتەکانی (حاجی حان، تەکیە، مزگەوتی گەورە) بە بەناوبانگترین و کۆنترینیان دەستنیشان دەکات. هەموو ئەم مزگەوتانە بوونەتە مەڵبەندی ڕۆشنبیری و خوێندەواری لە شارەکە، زۆرینەی ئەو مەلایانەی لە شارەکە دەرسیان بە فەقێ و موستەعیدەکان گووتووەتەوە و مۆڵەتی مەلایەتییان داونەتێ؛ شاعیر بوون و دیوانی تایبەتی خۆیانیان هەبووە. بەناوبانگرین و پڕ بایەخترین ئەو دەقە ئەدەبییانەی ئەرشیفی زمان و کلتووری کوردییان لەخۆگرتووە؛ ئەو دەقە شیعرییانەن، کە لە دیوانی (نالی، سالم، کوردی، مەحوی، پیرەمێرد، شێخ نووری شێخ ساڵح، گۆران، بێخود، ئەحمەد هەردی، حەمە ساڵح دیلان...تاد.)دا هەیە و بە گرنگییەوە لەسەر هەر هەڵچوون و داچوونێکی (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری)یەوە وەستاون و شەونوکەوی ڕووداوە هەنووکەییەکانییان کردووە. جگە لەمانەی باسیشکران؛ چەندین لێکۆڵەر و چیرۆکنووس و مێژوونووس و سەرکردەی سیاسیی بەناوبانگی وەک (شێخ مەحموودی حەفید 1878-1956ز)ی ناودار و خوێندەوار لەم شارەدا پێیان گرتووە و کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی سیاسەتی سلێمانی بە تایبەتی و کوردستان بە گشتییەوە هەبووە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین