ئەمەریکا و سووریا ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریا چەند ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجام دا توانیان (5) چەکداری داعش بکەنە ئامانج و (19)ــی تریش بریندار بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/11/13) فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند، "هێزەکانمان لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تا (6)ــی تشرینی دووەم، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکان لە سووریا، (22) ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش لە سووریا ئەنجام دا، ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکان کوژرانی (5) چەکداری داعش و دەستگیرکردنی (19) چەکداریان بوو".

ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند، "ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکان دەستکەوتی گرنگ بوون، سەرکەوتن بەدەست هات، بەردەوام دەبین لە هەنگاوە چالاکانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە داعش لە سووریا و لەگەڵ هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش لە هەماهەنگی بەردەوام دا دەبین بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی هەنگاوە باشەکان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەدەستهاتوون و بێگومان ڕێگە نادەین و ناهێڵین جارێکی تر داعش ببێتەوە هەڕەشە یان سەر لەنوێ سەر هەڵبداتەوە لە شوێن و کاتی جیاواز".

کوپەر دەشڵێت، "داوا لە ئەندامانی هاوپەیمانان دەکرێت هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەڕێگەی خێراکردنی گەڕانەوەی دەستگیرکراوەکان و ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ وڵاتەکانیان".

هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە وڵاتان دەکات هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان کە چوونەتە ناو داعش و ڕێوشوێنی ئەمنی بەرامبەریان بگرنە بەر و بیان گەڕێننەوە وڵاتەکانیان.

دوای تێکشکاندنی داعش لە (2019)دا، کەمپی هۆڵ زیاتر لە (70) هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ کرا، ئێستا نزیکەی (30) هەزار کەسی تێدایە و زۆرترینی ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە لە کەمپەکەوە بۆ وڵاتەکانیان ژنان و منداڵانن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین