ئەمەریکا داواکاری نوێی لە عێراق هەیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داواکاریی وڵاتەكەی لە عێراق ئاشکرا دەكات و دەڵێت، "پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت".

ڕۆژی شەممە (2025/11/15) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژارن پەلە بکەن لە پێكهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، دەسەڵاتی تەواویان هەبێت لە بڕیاردان و چارەنووسی وڵاتەکەیان بێ ئەوەی هیچ فشارێکیان لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە لەسەر بێت". 

هاوکات تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکات بەبۆنەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنیئاشتیانە". هاوکات دووپاتی کردەوە، "واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان".

شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەم لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و گوتەبێژی وەزارەتەکە وەک وەڵامێکە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاتێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، "بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە قبووڵکراو نییە بۆ داهاتووی عێراق".

ڕۆژی سێشەممە (2025/11/11) شەشەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە (20) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین