وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمەریکا گەورەترین هێزی جیهان نییە ئێران

نوچەنێت

ئێران ڕەخنە لە سیاسەتی ئەمەریکا دەگرێت چونکە مەبەستییەتی وەک گەورەترین هێزی جیهانی ڕۆڵ بگێڕێت، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەمەریکا ئاشتیخواز نییە و وڵاتان ڕووبەڕووی هەنگاوەکانی دەبنەوە".

ڕۆژی یەکشەممە (2025/11/16) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (یاسای نێودەوڵەتی لە ژێر هێرش) ڕایگەیاند، "ئەمەریکا ئامانجییەتی جیهان بەرەو سیستەمی هێزی تاکلایەنەی خۆی ببات کە پێی وایە خۆی سەرەکیترین کاراکتەری زلهێزی جیهانە و پێویستە هەموو وڵاتان بکەونە ژێر بڕیار و کاریگەری ئەو".

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، "ئەم هەنگاوانەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی، پێکەوەژیانی وڵاتان و هێزی سەربازی وڵاتان دەگۆڕێت ڕۆڵی سەرەکیان ون دەکات لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بە دڵنیاییەوە وڵاتان بەرپەرچی هەنگاوەکانی ئەمەریکا دەدەنەوە و ڕازی نابن وڵاتێکی تر ڕۆڵی ئەوان بگێڕیت چونکە ئەمە هەنگاوێکی ئاشکرای پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

عێراق نموونەی قسەکانی بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران دەهێنێتەوە لە (13)ی حوزەیرانی (2025) و دەڵێت، "ئاگادارین هێرشەکان بە پشتیوانی تەواوی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان  و ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو".

وەزیری دەرەوەی ئێران باس لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، "کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ڕێگە بە پەرەپێدانی ئاشتیخوازانە دەدات و تاران بە تەواوی پابەند بووە بە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین