ڕووسیا و ئۆکراینا ڕێككەوتنێكی نوێ واژۆ دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی کار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ڕووسیا، بەهۆی ئەم هەنگاوەوە نزیکەی (1,200) دیل و زیندانی ئۆکراینی دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان". بەڵام ڕووسیا هیچ لیدوانێکی لەسەر ئەم پرسە نەداوە و بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەكانی.

ڕۆژی یەکشەممە (2025/11/16) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "لە دوایین پێشهاتدا هەنگاوێکی نوێ بەرامبەر بە دیل و زیندانییە ئۆکراینی و ڕووسەکان دەگرینە بەر، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئیمارات نێوەندگیریی پرۆسەكە دەکەن و گفتوگۆمان لەگەڵیان کردووە بۆ ئەم بابەتە".

زیلینسکی دەشڵێت، "هەموو وڵاتان ڕێککەوتوون لەسەر هەنگاوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕەکە وەک ئەوەی لە تورکیا باسی لێوە کرابوو و بڕیاری لەبارەیەوە درابوو کە بە ڕێککەوتننامەکانی ئەستەمبوڵ ناسراوە و ئاماژە بە میکانیزمی ئاڵوگۆڕی زیندانیان دەکات کە بە ناوبژیوانی تورکیا لە (2022) بڕیاری لێدرا لەو کاتەوە ڕووسیا و ئۆکراینا هەزاران زیندانیان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام ئەمجارە تاوەکو ئێستا مۆسکۆ وەڵامی ئەم هەنگاوەی نەداوەتەوە".

هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر کەرتە جیاوازەکانی ئۆکراینا بەردەوامە، لە بەرامبەردا ئۆکراینا هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ وەستاندنی هێرشی ڕووسیا، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو (176) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکی جیاوز لەلایەن ڕووسیاوە هەڵداوە و هێزەکانی ئۆکراینا (139) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە".

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا جەخت لە بەردەوامی هێرشەکانی و بەرپەرچدانەوەکانی ئۆکراینا دەکاتەوە دوای زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین