دەوڵەت باخچەلی: ئەگەر پێویست بێت خۆم سەردانی ئۆجەلان دەکەم تورکیە

نوچەنێت

تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر چوونی شاندێکی کۆمسیۆنی چارەسەری ئاشتی بۆ ئیمراڵی نەدراوە، سەرۆکی گشتی مەهەپە ڕایگەیاند، "ئەگەر کەس نەبێت سەردانی ئیمراڵی بکات، خۆم دەچم و لەگەل عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبمەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (2025/11/18) ماڵپەڕی (A habar) بڵاوی کردەوە، لایەنە سیاسیەکانی تورکیا ناکۆکن لەسەر چوونی شاندێکی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی، هاوکات ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی بە بەشداری وەزیری ناوخۆ و بەرگریی و سەرۆکی میت بڕیاری کۆتایی بۆ چوونی شاندەکە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، لە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە گڵۆپی سەوز بۆ چوونی شاندەکەی هەڵکردووە. 

هەروەها دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە بەردەوامیدان بە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر گوتی، "لایەنێکی سەرەکی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکە ئۆجەلانە، پێویستە کۆمسیۆنی پەرلەمان گوێی لێ بگرێت،"

سەرۆکی مەهەپە رەخنە لە هەڵوێستی ئیی پارتی دەگرێت بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی و دەڵێت، "بۆچی تورکیایەکی بێ تیرۆر ئێوەی بێزار کردووە"، هەروەها ڕاشیگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە مشتومڕەکانی چوون بۆ ئیمراڵی بهێندرێت، ئەگەر هیچ کەسێک نایەوێت بچێت بۆ ئیمراڵی ئەوە من خۆم دەچم و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبمەوە."

لەدوای ئەو قسانەی باخچەلی، یڵماز تونج وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، "هەموو دەسەڵاتیك و هەڵبژاردنێک لە ئەستۆی ئەندامانی کۆمسیۆنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی دایە، هەموومان بەیەکەوە چاوەروانی بڕیاری ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەین بۆ چوونی شاندەکە بۆ ئیمراڵی."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین