کۆمیسیۆن وادەی کۆتایی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "ژمارەی ئەو تانانەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ئەنجومنەی نوینەرانی عێراق تۆمارکراون گەیشتووەتە (400) تانە و ئەمڕۆ کۆتا وادەی تانە گرتنە."

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/11/20) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ژمارەی تانەکان لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی (2025)ـــی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (400) تانە بەرز بووەتەوە و ئەمڕۆ کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنی تانەی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکان".

لە بەیاننامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "سکاڵای جیاواز تۆمار کراون و چەندین سکاڵا لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیسیارانەوە ڕەتکراونەتەوە چونکە بەڵگەی پێویستیان نەخستووەتە ڕوو و هەندێکی تر بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان بۆ دەکرێت و دواتر ئەنجامی هەموویان بڵاودەکرێتەوە".

بەگوێرەی ماددەی (20) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان سێ ڕۆژ مۆڵەت بە پارت، لایەن و کاندیدەکان دەدرێت بۆ تانەگرتن لە ئەنجامەکان و گەیاندنی سکاڵاکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار.

دوای ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە (2025/11/17) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند و ماوەی سێ ڕۆژی وەک وادەی تانەدانی دا بەلایەنەکان لە ئەگەری ڕازینەبوونیان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین