عێراق هۆشداری بە وڵاتان دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

عێراق هۆشداری بە وڵاتان دەدات دەربارەی کەمپی ئەلهۆڵ و گوتەبێژی سوپای عێراق دەڵێت، "داوا لە وڵاتان دەکەین هاووڵاتییانیان لە کەمپی ئەلهۆڵی سووریا بگەڕێننەوە چونکە پرسەکە جیهانییەوە و پەیوەندی بە هەموو وڵاتانەوە هەیە، وڵاتانیش کاردانەوەیان کەمە".

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/11/20) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، سەباح نەعمان، گوتەبێژی سوپای عێراق ڕایگەیاند، "کێشەی کەمپی ئەلهۆڵ کێشەی هەموو وڵاتانە، عێراق لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات، ئامانجییەتی کەمپەکە دابخرێت بۆ ئەوەی مەترسی خێزانە داعشییەکان نەمێنێت چونکە هاووڵاتییانی (50) وڵات لە کەمپەکە بوونیان هەیە و هێشتا مەترسی داعش ماوە، بەڵام وڵاتان هەنگاوی ئەوتۆیان لەبارەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان نەناوە و دەترسن لەوەی گەڕاندنەوەیان ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بیری داعش لە وڵاتەکانیاندا".

گوتەبێژی سوپای عێراق دەشڵێت، "وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی وەک بەشێک لە هاوکاری  و پلانێکی درێژخایەن بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێناو نەهێشتنی ئاسەواری خێزانە داعشییەکان لە کەمپەکە و داخستنی بۆ نەهێشتنی مەترسی داعش لە ناوچەکەدا".

پێشتریش قاسم ئەعڕەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتی کردبووەوە، "کەمپەکە مەترسی بۆ ناوچەکە هەیە و بە دڵنیاییەوە مانەوەی خێزان و منداڵانی داعش لە کەمپەکەدا دەبێتە هۆی بڵابوونەوەی توندڕەوی و فکرەی داعشی لە ناوچەکەدا لە ئێستا و داهاتوودا چونکە داعش مەترسییەکی ئاشکرایە بۆ هەمووان".

تاوەکو ئێستا عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی کەمپی ئەلهۆڵ زیاتر لە (155) خێزانی عێراقی کە (569) هاووڵاتی بوون لە چەندین کاتی جیاوازدا گواستووەتەوە بۆ عێراق.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین