دەم پارتی داوا لە لایەنەکان دەکات بەشداری دەنگدانی کۆمسیۆنی پەرلەمان بکەن تورکیە

نوچەنێت

ئەمڕۆ کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی بۆ چوونی شاندیك بۆ ئیمراڵی دەدات، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، پشتیوانی لە چوونی شاندەکە دەکەین و گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، گوتەبێژی دەم پارتی نوێنەری پارتەکەمان دەکات لە شاندی کۆمسیۆن بۆ چوون بۆ ئیمراڵی.

ئەمڕۆ هەینی (2025/11/21) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردەوە، ئایشەگوڵ دۆغان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەدوای کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمسیۆنی پەرلەمان پشتیوانی خۆیانی بۆ دەنگدانە تایبەتەی چوونی شاندی کۆمسیۆن ڕاگەیاند، هەروەها ناوی ئەندامەکەی خۆیانی ئاشکرا کرد و گوتی، گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، گوتەبێژی پاتەکەمان دەستنیشان کراوە وەک ئەندامی دەم پارتی لەگەڵ ئەندامانی کۆمسیۆن بچێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی.

هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها داوای لە پارتی جەهەپە کرد کە دەنگ بە بەڵی بدەن و ئەندامێکیان بەشداربێت لە شاندی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی و ڕاشیگەیاند، "ئێوە پارتێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنن و پێویستە پێشەنگی خەباتی ئاشتی بن."

هاوکات، عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی دوێنێ لەگەڵ جێگری سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە، سەبارەت بە سەردانی ئەندامانی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی گوتی، بۆچوونمان ئەرێنییە و پشیوانی پرۆسەکە دەکەین، ئەگەر سبەی دەنگ لەسەر پرۆسەکە بدرێت، ئێمە دەنگ بە بەڵی دەدەین بۆ سەردانی شاندەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیارە کۆمسیۆنی پەرلەمانی بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی کۆببێتەوە بە بەشداری هەموو ئەندامانی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا لەبارەی چون یان نەچوونی ئەندامانی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین