کۆمسیۆنی تورکیا سەردانی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە تورکیە

نوچەنێت

لەدوای ناکۆکیەکی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی تورکیا لە سەرچوونی شاندی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە کۆی دەنگی ئەندامانی دەم پارتی، مەهەپە و ئەکپارتی بە بێ جەهەپە بڕیاردرا کۆمسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا شاندێک بنێرن بۆ دورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.

ئەمڕۆ هەینی (2025/11/21) ماڵپەڕی (تەرەتە) بڵاویکردەوە، کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی لە ئەنقەرە (18)ـهەمین کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەرێوەچوو. 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەدوای ناکۆکییەکی زۆر بۆ چوونی شاندی کۆمسیۆن بۆ دورگەی ئیمراڵی، بەکۆی (32) دەنگ لە ئەندامانی هەریەک لە ئەکپارتی، دەم پارتی و مەهەپە و بە بێ گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە)، بڕیار لەسەر ناردنی شاندێک بۆ ئیمراڵی درا و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و پرسی کورد لە تورکیا بکەن. هەروەها لایەنەکان تاوەکو بەیانی ئەندامەکانیان دەستنیشان دەکەن و ناوەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆنی پەرلەمان دەکەن.

هەرچەندە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە پارتی جەهەپە بڕیاریدا کە هیچ ئەندامێکیان بۆ ئیمراڵی نەنێرن و ئەندامانیشیان کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت، لەدوای ئەو بڕیارە سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، "وەک جەهەپە پێمان وایە گونجاو نییە هیچ ئەندامێکمان دیاری بکەین بۆ کۆمسیۆن بۆ ئەوەی سەردانی ئیمراڵی بکات."، هاوکات دوێنێ هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکرایکرد کە گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، گوتەبێژی دەم پارتی نوێنەری پارتەکەمان دەکات لە شاندی کۆمسیۆن بۆ چوون بۆ ئیمراڵی.

لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکە مەهەپە پشتیوانی لە چوونی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی ڕاگەیاندبوو، ئەمڕۆ بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە مەهەپە فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەیان دیاریکرد وەک نوێنەری ئەو پارتە سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەکپارتی ناوی ئەندامەکەیانی ئاشکرا نەکردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین