ئۆكراینا لە دۆخێکی سەختی مێژووییدایە وەرگێڕان

نوچەنێت

ئامادەکردنی: سنوور یاسین

وەک ئاشکرایە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە دوو ساڵی خایاندووە و تاوەکو ئێستا هاووڵاتییان قوربانی یەکەمی جەنگەکەن و لە دوایین پێشهاتی جەنگەکەدا دوێنێ ئەمەریکا پلانێکی (28) خاڵی پێشنیار کرد کە دەبێتە هۆی راگرتنی جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا. پلانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "پێویستە ئۆکراینا واز لە بەشێک لە خاکەکەی بهێنێت، نەچێتە نێو ناتۆ، بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدات، کەم کردنەوەی ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی ڕابگەیێنێت و (200) ملیار دۆلاریش بۆ ئاوەدانکردنەوە وەردەگرێ لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا چی دەڵێت؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "پلانەکە ڕێگەخۆشکەری  بەدەستهێنانی ئاشتییە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی ئۆکراینایە و زیلینسکی هیچ بژاردەیەکی لە بەردەمدا نییە جگە لە قبوڵکردنی پلانەکە". سەرۆکی ئەمەریکا تەنیا چەند ڕۆژێکی کەمی وەک مۆڵەت بە ئۆکراینا دەدات بۆ ئەوەی پلانەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ قبوڵ بکات.

کاردانەوەی ئۆکراینا

ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کاردانەوەی پلانەکە و مۆڵەتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "لە دۆخێکی سەختی مێژووییداین". سەرۆکی ئۆکراینا دەشڵێت، "خیانەت لە وڵاتەکەی ناکات و ئۆکراینا لە نێوان لەدەستدانی شکۆمەندی یان هاوپەیمانێکی سەرەکی هەڵبژاردن دایە بە گوێرەی پلانەکەی ئەمەریکا

هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بە پێشنیارەکە

ڤلادیمێر پەتین، سەرۆکی ڕووسیا باسی لە پێشنیارەکەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند، "پێشنیارەکەی پێگەیشتووە و پێی وایە پلانەکە دەتوانێت ببێتە بنەمای چارەسەری کۆتایی ئاشتی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا".

سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی دەکاتەوە، "ئامادەیە ئەو نەرمییە نیشان بدات کە لە کۆبوونەوەکەی مانگی ئابی (2025)دا لەگەڵ ترەمپ لە ئالاسکا لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ڕووسیا بەشێوەیەکی کۆتایی و باسکردنی تەواوەتی گفتوگۆی لەسەر رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمەریکا نەکردووە چونکە پلانەکە پێویستە بە وردی تاوتوێ بکرێت".

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگه‌یاند، "ئاماده‌یه‌ به‌وردی تاوتوێی پلانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بكات و له‌ رۆژانی داهاتوودا وه‌ڵامیان بۆ پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا دەبێت، بە گوێرەی گوتەکانی سەرۆکی ڕووسیا چارەسەرکردنی جه‌نگی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکراینا بە شێوازی ئاشتییانە، پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر، وردتر و کاریگەرتر هه‌یه‌ تاوەکو هەردوو وڵات زیاتر لە یەکتر نزیک بکاتەوە".

هەڵوێستی وڵاتانی دیكە بەرامبەر پلانەکەی ئەمەریکا

دوای پێشنیاری پلانەکەی ئەمەریکا ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراینا دەربڕی و بەڵێنیان دا پاڵپشتی کیێڤ بکەن و ڕایانگەیاند، "دەبێت ئۆکراینا ڕۆڵی هەبێت لە هەر بڕیارێک سەبارەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە".

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایانگەیاند، "ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەوروپا و ئۆکراینا بەردەوامە و ئامانج ئاشتییە بۆ ئەم وڵاتە، دەبێت دڵنیا بین لەوەی کە خاڵی دەستپێک بۆ هەموو هەنگاوێک هێشتنەوەی سەروەری ئۆکراینایە".

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "بەرپرسانی ئەوروپا لە پەراوێزی لووتکەی (G20) کۆدەبنەوە و تاوتوێی پێشنیاری ئەمەریکا دەکەن".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین