خەڵاتی ساڵانەی جەمال بابان بەخشرایە عەبدولرەقیب  یوسف کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

ناوەندی ڕۆشنبیری جەمال بابان لە ڕێوڕەسمێكدا لە سلێمانی، (یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی جەمال بابان) بەخشرایە شوێنەوارناس و نووسەر عەبدولرەقیب یوسف، لەبەرامبەر خزمەتەكانی بە بە بواری مێژوو، کەلەپوور، ڕۆشنبیری، شوێنەوارناسی.

ڕۆژی شەممە (22/11/2025) ناوەندی ڕۆشنبیری (جەمال بابان) بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی گۆڤاری بابان و خانەوادەی جەمال بابان لە ڕێوڕەسمێكدا (یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی جەمال بابان) بەخشرایە زانای گەورەی میراتی نیشتمانی (مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف). دکتۆر زریان حاجی سەرنووسەری گۆڤاری بابان لە لێدوانێكدا بۆ نوچە نێت ڕایگەیاند، "خەڵاتی جەمال بابان دەبێتە نەریتێکی ساڵانە، هەرساڵە و دەبەخشرێتە کەسایەتیەک کە لەیەک لە بوارەکانی ڕۆشبیری و مێژوو و کلتوورو  کەلەپوور، کاری کردبێت، بۆ ساڵی یەکەمیش بەخشیمان بە مامۆستا عەبدولرقیب یوسف، وەک کەسایەتیەکی دیار، کە هەموو کورد قەرزاری بەڕێزیانە، هەروەها گۆڤاری بابانیش وەک گۆڤارێکی وەرزی، بە ستافێکی نوێوە درێژە بەکارەکانی دەدات و پشت بە بەڵگەنامە دەبەستێت."

سەبارەت بە خەڵاتی ساڵانەی جەمال بابان، پەری خان بابان ئەندامی ئەنجومەنی باڵایی ناوەندی ڕۆشنبیری سلێمانی- شارە گەشاوەکەم جەمال بابان، گووتی، "ماوەی  ساڵێک دەبێت سەرقاڵی ئامادەسازییەکانی ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە بووین، بەتایبەت گۆڤاری بابان، چونکە سەرجەم ئەرشیفی مامۆستا جەمال بابانمان هەڵداوەتەوە تا بتوانین کارێکی شایستە بە خزمەتەکانی ناوبراو پێشکەش بکەین"، گووتیشی ‌‌پێوەرمان بۆ دیاریکردنی کەسایەتیەک بۆ خەڵاتی ساڵانەی جەمال بابان تەنها بوارەکانی مێژوو، ڕۆشنبیری و کلتوور کەلەپوورە، شوێنەوارناسییە، واتە تەمەن و شوێن نابێتە پێوەر، لە هەر شوێنێکی کوردستان خزمەتی کردبیت دەتوانێرێت خەڵاتەکەی پێشکەش بکرێت."

جێگەی ئاماژەپێدانە، ناوەندی ڕۆشنبیری پارێزەر جەمال بابان، ناوەندێکی خۆبەخشە، ماوەی ساڵێکە دامەزراوە، هاوکات هەر لەو ڕێورەسمەدا، كە د. چنور جەعفەر شارباژێری بەڕێوەبەری دەزگای نوچە بۆ لێكۆڵینەوە سیاسی و كولتووری ئامادەی بوو، ژمارە (29)ـی گۆڤاری بابان، پێشکەش بە ئامادەبووان كرا، جێگەی ئاماژەپێدانە ئەم گۆڤارە وێڕای بابەتە جیاوازەکانی لە هەمانکاتدا گۆڤارێکی بەڵگەنامەی دەبێت، کە (ناوەندی ڕۆشبیری سلێمانی شارەگەشاوەکەم- جەمال بابان) دەری دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین