وەزارەتی دارایی: لەساڵی نوێ هەر فەرمانبەرێك هەژماری بانكی نەبێت مووچەی پێنادرێت وەرناگرێ کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕایدەگەیێنێت، ئەمساڵ "دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان"، بە پێچەوانەوە مووچەیان پێنادرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە (23/11/2025) وەزارەتی دارایی و  ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرای دەكات بەپێی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، عێراق تا "کۆتایی ساڵی 2025ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت."

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان:

سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوو لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.

1-  لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

2- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە (559) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی (17ی تەمووزی 2025) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنها لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت، وە هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین