جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پەیوەندییەکانمان لە باشترین ئاستدایە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەبارەت بە کۆتایهاتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ستافێکی کەمی هاوپەیمانان لە ناوچە فیدراڵییەکان ماوە و ئەوانی دیکە لە هەرێمی کوردستانن. پەیوەندییەکانمان لە باشترین ئاستدایە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/11/26) فەریقی یەکەمی روکن د. قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بە رووداوی، بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئێستا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچە فیدراڵییەکان کارەکانی کۆتاییهاتووە، تەنیا 4 بۆ 5 کارمەندیان ماون کە ئەوانیش کاروباری لۆجیستی و دیپلۆماسی بەڕێوەدەبەن.

د. قەیس محەمەداوی ڕایدەگەیێنێت، جگە لەو ژمارە کەمە، ئێستا سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانن. لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە تاوەکو حوزەیرانی هەمان ساڵ، لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش کە لە سوپاسالاری عێراق، من و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمەڵێک ئەندامی دیکە پێکدێ، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەین.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە باس لە ڕێککەوتنی نوێ دەکات و دەشڵێت، دانوستاندنەکە بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەک دەبێ بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو کارمەند و سەربازە ئەمریکییانەی کە پێویست دەکات لە عێراق بمێننەوە، لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ کاری هاوبەش، هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری دوولایەنە. یاداشتنامە و رێککەوتنەکەش تەنیا لەگەڵ ئەمریکا دەبێت نەوەک هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

 هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ماوە، هەرکاتێک کە پێویستمان پێیان بێت هاوکاریمان دەکەن، لە پێدانی زانیاری ئەمنی و هەواڵگری.

 جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەرنجی خستە سەر فڕۆکە ئێف شانزەکانی عێراق، کە کارەکانی ئەمریکا بۆ چاککردنەوەی فڕۆکە ئێف16ـەکان و راهێنانکردن بە فڕۆکەوانە عێراقییەکان بەردەوامە و گوتیشی، هەنگاوەکان بۆ ئەوەن کە یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی داهاتوومان لەگەڵ ئەمریکا، بریتی بێت لە بەردەوامیی کاری چاککردنەوە و پەرەپێدانی ئەو فڕۆکانە.

هەروەها باسی پەیوەندیشیان لەگەڵ وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە کردوو رایگەیان، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە باشترین ئاستدایە لە مێژوودا، بەتایبەتی لە رووی هاوئاهەنگی و هاوکاری ئەمنیی هاوبەش، جگە لەوەی کە دوو لیوای هاوبەشمان هەیە. لە ئۆپەراسیۆنەکانیشمان بۆ راوەدوونانی چەکدارانی داعش رۆڵێکی کارا دەبینن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین