سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئیدانەی هێرشەکە دەکات". هۆشداریش دەدات لەوەی، "مەبەست لە هێرشەکان زیانگەیاندنە بە ئابووری وڵات و لاوازکردنی و تێکدانی ئەمنییەتی وڵات".

ڕۆژی پێنجشەممە (2025-11-27) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕاگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردە و ڕایگەیاند، "هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئیدانە دەکات و بە هەوڵێکی بێ هیوا و بێ داهاتوو ناوی دەبات".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "هێرشەکە هەوڵێکی بێهیوا بووە بۆ بە ئامانج گرتنی سەقامگیری وڵات و گەیاندنی زیان بۆ ئابووری نیشتمانی، نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات". سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوا دەکات، "لێکۆڵینەوەیەکی جددی بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو کەس و لایەنانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگری بکەن لە بوونی نائارامی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات".

کاتژمێر (11:30)ـــی شەوی چوارشەممە (2025-11-26) لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، "هێرشەکە بووە هۆی وەستاندنی گەیاندنی گاز بۆ ژمارەیەک لە وێستگەکانی کارەبا و پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان کەم دەبێتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین