سەرۆک بارزانی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە زاخۆ دەکاتەوە کولتوور

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی کردنەوەی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب بە ناونیشانی “زاخۆ دەخوێنێتەوە” سەردانی شاری زاخۆی کرد و ڕایگەیاند، "زاخۆ جێی هونەر و كەلتوور و مێرانی و كوردایەتی و پێشمەرگایەتییە و، زاخۆ زاخۆیە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (2025/11/30) بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی لە زاخۆ بە ناونیشانی “زاخۆ دەخوێنێتەوە”کردەوە و بەشەکانی پێشانگەکەی بەسەرکردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، هەر لە پێشانگەکەدا سەرۆک بارزانی دڵخۆشیی خۆی بەکردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەربڕی و ڕایگەیاند، "سوپاسی خودا دەكەم بۆ ئەم ڕۆژە خۆشانە، دوێنێ لە جزیرە و ئەمڕۆ لە زاخۆ. ئینشائەڵا خوا هەر خێر و خۆشی بدات، هەر كەیف بدات و ئەم پێشانگایەی نێودەوڵەتیی كتێب كە ئەمڕۆ لە زاخۆ كراوەتەوە جێی دڵخۆشییەكی مەزنە."

هەروەها سەرۆک بارزانی زاخۆی بە شاری هونەر و کەلتوور و کوردایەتی وەسف کرد و گوتی، "زاخۆ جێی هونەر و كەلتوور و مێرانی و كوردایەتی و پێشمەرگایەتییە و، زاخۆ زاخۆیە." 

هاوکات سەرۆک بارزانی دەستخۆشی هەبوو بۆ کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی زاخۆ و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ زاخۆ خواست.

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی ستایشی زاخۆییەکانی کرد و دووپاتی کردەوە، "جارێك من گوتمە زاخۆ رۆحی منە، جارێكی تر گوتم ئێوە دڵی منن، ئێوە نەك هەر رۆحی منن، ئێوە دڵ و روحی منن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین