وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات ئێران

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی دووپات کردووە و ڕایگەیاند، "تورکیا و ئێران هاوڕان لە پرسی ئەمنی لە دژی دەسەڵاتە فڕاوانخوازەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانمان."

ئەمڕۆ یەکشەممە (2025/11/30) ماڵپەڕی (ستار گەزەتە) بڵاوی کردەوە، هاکان فیدان لە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە تەهرانی پایتەختی ئێران و لەلایەن عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لێکرا، لەدوای کۆبوونەوەیان گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "پێویستە لەداهاتوویەکی نزیکدا ژمارەی دەروازە سنووریەکانمان زیاتر بکەین، بەتایبەت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی فراوانتر بکەین و زۆر شتی ترماوە دەبێت لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجامیی بدەین."

سەبارەت بە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئێران لە تورکیا گوتی، "هیواخوازم ئێران کونسوڵخانەی لە شاری وان بکاتەوە و ئێمەش ئامادە دەبین لەوێ."، هەروەها فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە هاوکارییەکانمان سەبارەت بە کۆچی نارێک بەیەکەوە دابمەرزێنین."

لەدرێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەی وڵاتەکەی دەڕبڕی سەبارەت بە پرسی ئەتۆم و گوتی، "تورکیا هەمیشە لەپاڵ ئێران وەستاوە لە ئەگەری دانوستاندنەکانی ئەتۆم، ئێمە ئامادەین هەرچی لە تواناماندا هەبێت لەو بابەتە دەیکەین."، لەبارەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، "هەمان بۆ چوونمان هەیە لە دژی دەسەڵاتە فراوانخوازەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانمان."

لایخۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گوتی، "ئێران ئامادەیە لە کردنەوەی دەروازە سنووریەکانی لەگەڵ تورکیا، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سووریا دەردەکەوێت کە ئەوان هەوڵی تێکدانی  سەقامگیری ناوچەکە دەدەن و ئامانجی زیاتریان هەیە."

عێراقچی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە ڕاشیگەیاند، "پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەین."، هەروەها سەبارەت بە دۆخی سووریا گوتیشی، "ئاشتی  و سەقامگیری بەندە بە یەکپارچەیی خاکی سووریا، گەورەترین مەترسی بۆ سوریای دراوسێمان ئیسرائیلە." 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین