ڕێگەی گەشەپێدان بە کەمترین تێچوو ئەنجام دەدرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

هەولێر و بەغدا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کەمترین تێچوون بۆ ڕێگەی گەشەپێدان و ڕاوێژکارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "پرۆژەکە بە کاریگەرترین و کەمترین تێچوون ئەنجام دەدرێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پرۆژەکەی بە پرۆژەی، "کۆکەرەوەی عێراقییەکان" ناوبردووە.

ڕۆژی چوارشەممە (2025-12-3) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، ناسر ئەسەدی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "بەهۆی هەماهەنگی بەردەوامەوە هەرێم و بەغدا گەیشتنە قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتن بۆ ڕێگەی گەشە و بڕیارە پرۆژەکە بە شێوەیەکی کاریگەر و بە کەمترین بڕی تێچوون ئەنجام بدرێت".

بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی پرسی ڕێگەی گەشەپێدان بابەتێکی بەردەوامی گرنگە لە کۆبوونەوەکانی نێوان، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و هەماهەنگییە ڕاستەوخۆکانی نێوان وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم پرۆژەکە نییە چونکە بەرژەوەندی هەموو لایەک پارێزراوە لە پرۆژەکەدا".

کۆتایی شوباتی (2025) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "زۆر گرنگ و پێویسته‌ پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان ببێته‌ پرۆژه‌یه‌كى نیشتمانیى عێراقى كه‌ هه‌موو ناوچه‌ و شوێن و پێكهاته‌كانى عێراق پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. ببێته‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێ جیاوازى. نموونه‌ى هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ى عێراقییه‌كان بێت له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌بێك و له‌ هه‌ر شوێنێكى وڵات بن. ببێته‌ هۆى گه‌شه‌پێدانی ئابووریى ته‌واوى عێراق".

لە نیسانی (2024)دا عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر رێککەوتنێکی چوار قۆڵی هاوبەشیان واژۆ کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی گەشەپیدان.

پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان (1,200) کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسڕەوە دەستپێدەکات تاوەکو سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا بە (11) پارێزگادا تێدەپەڕێت و تێچووەکەى (17) ملیار دۆلارە، پڕۆژەکە ساڵی 2028 دەستپێدەکات و لە (2050) تەواو دەبێت، وەک چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی پرۆژەکەوە چەندین هەلی کاری جیاواز بڕەخسێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین