بەهۆی کێشەکانی دەریای ئیجە ئەنقەرە هەڕەشە لە ئەسینا دەکات تورکیە

نوچەنێت

لەدوای ئەوەی وەزیری بەرگریی یۆنان هێزەکانی تورکیای بە هەڕەشە لە دەریای ئیجە ناوبرد، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەوەڵامدا دەڵێت، "هێزی سەربازی تورکیا هیچ کاتێک نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک ئەگەر هیچ هەڕەشەیەکی بۆ دروست نەکرێت، هەروەها خاوەنی هێزە و ئیرادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاراستەی وڵاتەکەمان دەکرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/12/4) ماڵپەڕی (سۆزجو) بڵاویکردەوە، لەم دواییانەدا تادێت گرژیی و ململانێکانی نێوان یۆنان و تورکیا لە سنوورە دەریاییەکان و بەتایبەت لە دەریای ئیجە لە زیادبوونەوە. نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا لە دەریای ئیجە کردوو و گوتی، "بە مووشەک دەریای ئیجە دادەخەین"،  و تورکیاشی بە هەڕەشە لەو ناوچانە ناوبرد، ئەم لێداونەی بووە هۆی تورەکردنی ئەنقەرە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا وەڵامی ئەسینا دەداتەوە و گوتی، "تورکیا هەموو کات لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیری لە دەریای ئیجە و ناوچەکانی دەوروبەری بووە، هەروەها چاوەروانین ئەسیناش هەمان بۆچوونی هەبێت."

وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەندێک بەرپرسانی یۆنان بە هەڵگیرسانی ململانێ لەنێوان تورکیا و یۆنان ناودەبات و دەشڵێت، "تورکیا هەتا وەکو ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک نەبێتەوە هیچ کات نابێتە ‌هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هەروەها توانا و هێز و ئیرادەی تەواوی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاراستەی دەکرێت، ئەو پەیامە زبرانەی کە دەیانەوێت ئامانجی تورکیا تێکبدەن هاوشێوەی ڕابردوو سەرکەوتوو نابن."

هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتێک لە دەریای ئیجە دەکەن و ڕاشیگەیاند، کە تورکیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی دەسەڵاتە دەریاییەکانی دەگرێت. جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی و سەقامگیری هەموو کات لە ژینگەی دەریایی پێویستە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین