سوودانی بەشی یەکەمی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی کردەوە ئابووری جیهان

نوچەنێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشی یەکەمی ڕێگەی گەشەپێدانی کردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم بەشە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆژەکە و حکومەت گرنگییەکی زۆری پێداوە بەهۆی گرنگییان لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا".

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/12/4) نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بەشێ یەکەمی پرۆژەی گەشەپێدانی کردەوە کە ڕێڕەوێکی (63) کیلۆمەترییە و بەندەری فاو بە ڕێگای نێودەوڵەتی پارێزگای بەسرە دەبەستێتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هەنگاوەکەوە دەڵێت، "ئەم بەشە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆژەکانی بەندەرەکە و ڕێگەی گەشەپێدان کە حکومەت گرنگییەکی زۆری پێداوە و پێشکەوتنی بەرچاو ڕوویداوە لە پرۆژەکەدا".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، "ڕێگەی گەشەپێدان ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی ئابووری حکومەتە بۆ بەرەوپێشبردنی عێراق لە بواری ئابوورییەوە  لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژە سەرەکییەکان و دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کە وەک بزوێنەری سەرەکی گەشەی ئابووری نیشتمانی کار دەکات و بە هاوکاری بەردەوامی حکومەت لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان عێراق خواستی هەیە بەشدار بێت لە پڕۆژەی گرنگی تر کە سوودی ئابووری بۆ هەموو لایەک هەبێت و ببێتە هۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا".

سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێشکەوتنە بەردەوامەکانی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە هەماهەنگی و پشتیوانی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگە بەدەستهاتووە و یارمەتیدەر بووە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵەنگارییەکان و بە دەستهێنانی دەستکەوتە بەردەوامەکان.

پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە دەروازەی بەندەری فاوەوە دەست پێدەکات و دواتر بەرەو ئوم قەسر و لەوێوە بە ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی سەفوان دەبەسترێتەوە، پڕۆژەکە دوو پردی سەرەکی هەیە کە یەکێکیان (800) مەتر درێژە و دووەمیان درێژییەکەی (400) مەترە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین